وەزیری دەرەوەی نەمسا بۆ نێچیرڤان بارزانی: خوازیارین وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەین

13-09-2023
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و ‏شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏ سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزیری دەرەوەی نەمسا کردووە نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌ و، وەزیری دەرەوەی نەمساش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و هێنانی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان. 
 
كۆبوونه‌وه‌کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-9-2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو کە‌ جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى ‏په‌يوه‌نديیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌ى بوون. لە کۆبوونەوەکەدا په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ ئه‌وروپا و دوايين ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێكران.‏
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆک نێچيرڤان بارزانى وێراى ئاماژه‌دان به‌ په‌يوه‌نديى له‌ مێژینه‌ى هه‌ردوولا و ‏ستايشى پشتگيريى نه‌مسا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گه‌شتيى راسته‌وخۆى ئاسمانيى ڤيه‌ننا ـ هه‌ولێر، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ وه‌زيرى ‏ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كرد بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له‌ به‌غدا و ‏داواى كرد نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌مسا له‌ هه‌موو ‏بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌."
 
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا جەختی لەوە کردەوە كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏‏بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و كار بۆ ‏‏ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌، "هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ ‏كه‌رتى تايبه‌تى نه‌مسايى خوازياره‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان بكات. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئه‌منى گرنگه‌ بۆ ‏راكێشانى سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى و ‏پێشكه‌وتنى ئابوورى."
 
لەبارەی كۆچى ‏ناياساييش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ‏كه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى ‏نایاسایی، ده‌بێ هاوئاهەنگیی هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌نێوان ‏وڵاتانى ئه‌وروپا و ناوچه‌كه‌دا ‏هه‌بێت.‏
 
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‏"ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و سيستمى فيدراڵى به‌ ‏ته‌واوى جێگير ببێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان، به‌ڕێوه‌بچێت. هه‌روه‌ها ‏جه‌ختی له‌ په‌يوه‌نديى دراوسێيه‌تيى باش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و پاراستنى ‏به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه‌."
 
شەوی رابردوو شۆڵنبێرگ لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە پێشوازی لێکرا. وەزیری دەرەوەی نەمسا جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیارە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانیش کۆببێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە