مەسرور بارزانی: پشوودرێژیی ئێمە مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە

13-09-2023
هیدایەت جان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن مەسرور بارزانی
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ عێراق، بەنیازە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی شایستە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەربکرێن، گوتیشی "پشوودرێژیی ئێمە، مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە."
 
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023 ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی دواناوەندیی گوندی کۆری لە هەولێر پێش لێدانی یەکەم زەنگی خوێندنی ئەمساڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد.
 
مەسرور بارزانی گوتی "بەنیازین سەردانی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژیی ئێمە مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن و دەمانەوێ بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین."
 
سەرۆکی حکومەت رایگەیاند لە سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە و "دەمانەوێت بزانین؛ لەبەرچی (حکومەتی فیدراڵی) ئەو سیاسەتی برسیکردنەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر. ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی کوردستان، سەرکەوتنی هەموو عێراقە. بووژانەوەی ئابووریی کوردستان، بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراقە."
 
مەسرور بارزانی هەروەها جەختی کردەوە لەوەی هەندێک کێشە و گرفت هەن "ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و پێمان وا بووە ئەو رێککەوتنانە دەبن بە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئەو رێککەوتنانەی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بکەوێتە واری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەین کە جارێکی دیکەش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە. بۆیە لە سەردانەکانمان بۆ بەغدا، هەموو هەوڵێک دەدەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری گرفتەکان بکەین."
 
پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە لە ئاستێکی باش نین، دوای 19 جار دانیشتن، گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ژمارە و داتاکان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەبری چارەسەری کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کێشەکە بەرەو بنبەستی زیاتر چووە.
 
 لەکاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەتاوەکو ئێستاش مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، لە هەفتەی داهاتووەوە حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی دەکات. ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چارەسەری کێشەکە لەنێو پەرلەمان نابینن و داوادەکەن لە ئاستی سیاسیی باڵادا هەوڵی چارەسەری بدرێت.

 

تەواوی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

 

 

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی:
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان.
 
مامۆستایانی بەڕێز، قوتابییانی خۆشەویست و ئامادەبووانی هێژا. پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. 
 
خۆشحاڵم کە لێرەین لەگەڵ ئێوە بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانە نوێیە کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەردەمییانە دروستکراوە. بیرمە دوو ساڵ پێش ئێستا کاتێک هاتین بۆ زانینی ئەو زیانانە کە بەهۆی لافاوەوە بەر گوندی کۆری و قوتابخانەکەی کەوتبوو، گەنجێک هات بۆ لام و من وامزانی داوای هاوکاریی بۆ خێزانەکەی دەکات، بەڵام داوای کرد کە قوتابخانەیەکیان بۆ دروستبکرێت. ئێمە هەر ئەوکات داوامان کرد بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قوتابخانەیە دروستبکەین و داوامان لە کەرتی تایبەت کرد و بە سوپاسەوە ئەوکات شێخ فاخر شێخ تەیب ئەم ئەرکەی گرتە ئەستۆ و ئەو قوتابخانەیەی دروستکرد. جێگەی خۆیەتی سوپاسی کاک شێخ فاخر و گرووپەکانی قەیوان بکەم کە ئەمە چەندین قوتابخانەیە پێشکێشی قوتابییە خۆشەویستەکانی کوردستانی دەکەن. زۆر سوپاس و هیوادارم نموونەتان زۆربێت.
 
بۆ ئێمە، بۆ قوتابییە خۆشەویستەکان، بۆ کوردستان، پەروەردە و خوێندن سیمای داهاتووی وڵاتەکەمان پێشاندەدەن؛ بۆیە گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و پەروەردەی نەوەی نوێ بۆ داهاتووی کوردستان دەدەین. لێرە دەبینین کە قوتابییە خۆشەویستەکان دەچن بۆ قوتابخانە، نەک تەنیا فێری خوێندن دەبن، بەڵکو فێری پەروەردەش دەبن. دەمانەوێ بە باشترین شێوە خوێندن و پەروەردە لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان بتوانن ئەو بەهرانەی هەیانە بۆ بەرژەوەندی و پێشخستنی وڵاتەکەیان بەکاریبهێنن، بۆ ئەوەی وا فێربن وڵاتەکەیان خۆشبووێت، ژینگەی جوانی کوردستان بپارێزن و قەدر و قیمەتی زەحمەتی پێشمەرگە و ئەوانەی خۆیان ماندوو کردووە و ئەم کوردستانەیان بۆ دروستکردووین، بێتەوە بیریان و قەدریان بزانن و پارێزگاری لێبکەن.
 
لێرە جێگەی خۆیەتی سوپاسێکی تایبەتی وەزیری پەروەردە، کاک دکتۆر ئالان و هەموو ستاف و کارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەت و کەرتی پەروەردە بکەم کە خۆیان زۆر ماندوو کردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی قوتابییە خۆشەویستەکان بکەن. دەزانم کە کەموکورتی زۆر بووە، بەڵام لەو ماوەیە هەوڵی زۆر جیدی دراون بۆ ئەوەی چاکسازی لە کەرتی پەروەردەدا بکرێت و شتی زۆر باشیش کراون. دەزانم شتی هەڵە زۆر هەبووە و بۆ ئەوەی ئەم هەڵانە راستبکرێنەوە، کاری جیدی کراوە، بەڵام دیسانیش ئێمە لە دۆخێکی ئاساییدا نەبووین. زۆر کێشە و گرفت بۆ خەڵکی کوردستان دروستکراون، بەڵام زاڵ بووین بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا و ماندووبوونی ئەو مامۆستایانەی کە بەردەوامبوون لە خزمەتکردن و وانەگوتنەوە بە قوتابیان و کەرتی پەروەردە، جێگەی شانازی و پێزانینی هەموو لایەکمانە. سوپاسێکی بێپایانم بۆ خۆڕاگری مامۆستایان هەیە کە هەمیشە هەموو هەوڵێکیان داوە قوتابییە خۆشەویستەکانی ئێمە پێبگەیەنن و نەهێڵن کەرتی پەروەردە دوابکەوێت، یان پەکی خوێندن بکەوێت. 
 
هەموومان دەزانین، لەوانەیە زۆر گوشار بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی ئێمە تووشی شکست بێت یان بەرەوپێشەوە نەچێت. یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەی ئێمە ئەوەیە، نەوەی داهاتووی ئێمە باشتر بێت، خوێندنی باشتر، پەروەردەی باشتر بتوانێت وڵاتێکی باشتر و خۆشترمان بۆ ئاوەدان بکاتەوە. بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک بکەوینە ژێر گوشاری هیچ لایەنێک کە خوای نەخواستە، نەهێڵین کەرتی پەروەردە یان خوێندن پەکی بکەوێت.
 
من زۆر سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم کە دەزانم لە رووی ماددییەوە لەوانەیە چەند تووشی گرفت بووبن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم قەیران و دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت.
 
بەنیازین سەردانی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن و دەمانەوێ بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین. دەمانەوێ سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەم شێوەیە دەدرێتەوە. کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە کە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێ بزانین کە لەبەرچی ئەو سیاسەتی برسیکردنی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر. ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی کوردستان، سەرکەوتنی هەموو عێراقە. بووژانەوەی ئابووری کوردستان، بووژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە. 
 
لێرەدا هەندێک کێشە و گرفت هەن. ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و پێمان وا بووە ئەو رێککەوتنانە دەبن بە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگرییان لێکرا و نەیانهێشت ئەو رێککەوتنانەی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بکەوێتە واری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەین کە جارێکی دیکەش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە. بۆیە لە سەردانەکانمان بۆ بەغدا، هەموو هەوڵێک دەدەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری گرفتەکان بکەین بۆ ئەوەی بەشێک لەو مافەی کە مامۆستایانیش دەگرێتەوە، ئەوەش بێتەدی و پشت بە خودا بێ ئەوەی خەمی مووچە و بژێوی ژیانیان هەبێت، بەردەوام بن لە پەروەردەکردنی گەنج و قوتابییە خۆشەویستەکانمان. جارێکی دیکە سوپاسی هەمووتان دەکەم و هیوادارم سەرکەوتوو و تەندروست بن  و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."