زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە لافاوەکەی لیبیادا گیانیان لەدەستدا

13-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زریانی دانیاڵ لافاوێکی گەورەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا دروستکردووە، لە هەندێ شوێن تەواوی ناوچەکە ژێرئاو کەوتووە و لە هەندێ ناوچەش وێرانکاریی گەورەی دوای خۆی بەجێهێشتووە. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن. 
 
عەبدولحەمید دیبەیبە، سەرۆکوەزیرانی لیبیا دەڵێت: "نامەوێت ژمارە بڵێم تاوەکو پشتڕاست نەکرێنەوە و بێسەروشوێنەکان نەدۆزینەوە و بەخاکیان نەسپێرین، ئەمەش پێویستی بە کاری زۆرە. ئەگەر ئێستا ژمارەیەک بڵێم، رەنگە زیاد بکەن و ئەمەش ویستی خودایە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی لیبیا، لافاوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە پێنج هەزار 300 کەس و بێسەروشوێنبوونی 10 هەزار کەسی دیکە. کاریگەرییشی لەسەر ملیۆنێک و 800 هەزار کەس دروستکردووە. مەزەندەش دەکرێت زیانی دوو ملیار دۆلار بە ژێرخانی ئابووریی لیبیا گەیاندبێت. 
 
تەمەر رەمەزان، بەرپرسی بەشی لیبیا لە فیدراسیۆنی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت، "پێداویستییە مرۆییەکان زۆرن و زۆر زیاتریشە لە توانای مانگی سووری لیبی، یانیش توانای حکومەتی لیبیا، هەر بۆیە حکومەت داوای هاوکاریی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات." 
 
بەرپرسانی رۆژهەڵاتی لیبیا باس لەوە دەکەن، دەکرێت گیانلەدەستدان لەگەڵ تێپەڕینی هەر چەند کاژێرێکدا زیاتر بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو لافاوەی لە ئەنجامی بارینی 240 ملیمەتر لە ماوەی 48 کاژێردا باری. 
  
تاوەکو ئێستا تەرمی زیاتر لە هەزار کەس دۆزراوەتەوە و بە خاک سپێردراون، پرۆسەی گەڕانیش بەدوای بێسەروشوێنبووان بەردەوامە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە