مەسرور بارزانی: دەمانەوێت خوێندن و پەروەردە لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین

14-09-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەیەکی هەولێر. وێنە: رووداو
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەیەکی هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

ئەحمەد لە یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بە جۆش و خرۆشەوە خۆی بۆ قوتابخانە ئامادە کرد، ئەو تەمەنی بووەتە شەش ساڵ و یەکێک لەو منداڵانەیە، ئەمساڵ لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تۆمار کراوە و دەڵێت، "پشتیوان بە خودا دەبمە پزیشک."
 
ئەحمەد دوای دڵنیابوونەوە لە پێداویستییەکانی قوتابخانەی، لەگەڵ باوکی هەنگاوەکانی رەوتی نوێی ژیانی تاقیدەکاتەوە. سەفەر خۆشناو، باوکی ئەحمەد دەڵێت، "زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی قوتابخانەیەتی، من و دایکیشی. ئەحمەد بەیانی زوو هەستاوە، نانی خواردووە و خۆی بۆ قوتابخانە ئامادە کردووە."
 
لە قوتابخانەی مەلای جزیریی حکومی لە هەولێر، پێش چوونیان بۆ پۆلەکانیان، قوتابییان شیرینییان بەسەردا دابەش کرا. لە پۆلەکان کتێبەکانیان بۆ دانرابوو، لە سەرووی هەموویانەوە خوێندنی کوردی.
 
ئەحمەد سەفەر، قوتابی دەڵێت، "دڵخۆشم هاتوومەتە قوتابخانە، کتێبیشم وەرگرتووە، پشتیوان بە خودا دەبمە پزیشک."
 
بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بە خوێندنی حکومی و ناحکومییەوە، زۆرترین قوتابی لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تۆمار کراون، کە ژمارەیان 158 هەزار قوتابییە، ژمارەی سەرجەم قوتابییانیش بۆ خوێندنی ئەمساڵ ملیۆنێک و 923 هەزار قوتابییە.
 
یەکەم زەنگی ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 لە قوتابخانەی گوندی کۆریی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لێدرا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەمانەوێت بە باشترین شێوە خوێندن و پەروەردە لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆئەوەی قوتابییانی خۆشەویستمان بتوانن ئەو بەهرانەی کە هەیانە، بۆ بەرژەوەندی و پێشخستنی وڵاتەکەیان بەکاریبهێنن."
 
لە بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، پێچەوانەی لێدانی زەنگی دەستپێکردنی خوێندن، زەنگی بایکۆت لێدرا، چونکە مامۆستایان داوای مووچە دواکەوتووەکانیان دەکەن.
 
فارووق غەفوور، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "نەدەبوایە بگاتە ئەو دۆخە، هەرچۆنێک بێت حکومەت دەبوایە مووچەیەکی دابەشکردبا، بۆئەوەی بە هێمنتر دەستبکرایە بە خوێندن."
 
یەکەم رۆژی خوێندنی ئەمساڵ کۆتاییهات، بەڵام بۆ ئەحمەد و هاوپۆلەکانی دەستپێکی رێگەیەکی دوور و درێژە، رێگەیەک بۆ گەیشتن بە یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانی ژیانیان کە تەواوکردنی خوێندنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."