وەزیری دەرەوەی نەمسا لەبارەی کەبابی هەولێر: زۆر خۆش بوو و، بەشێکی گرنگی سەردانەکەم بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی نەمسا چووە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و لەوێ کەبابی هەولێری خوارد. ئەمە دووەمجارە ئەو بەرپرسە باڵایەی نەمسا سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسان لە بازاڕدا دەسووڕێتەوە.
ئەلکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی، "[کەبابەکە] زۆر خۆش بوو، بەشێکی جوانی ئەم سەردانەم بوو. ئەمە یەکەمجارم نییە سەردانی هەولێر بکەم، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە سەردانەکەم بۆ عێراق و بەغدا و ئەمڕۆ بۆ هەولێر، لەگەڵ شاندە بازرگانییەکانی نەمسا، سەرکەتووە بووە".
وهزيرى دهرهوهى نهمسا، شەوی 12ی ئەیلوول گەیشتە هەولێر و ئەمڕۆش لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەلکساندەر شاڵنبێرگ گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون بەردەوام بێت بەم رێچکەیەی کە ئێستا هەیە، بۆچی گەشتیار نەیێتە وڵاتەکەتان؟ هەموو کەسێك تاڕادەیەک شارەزایی لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی گەشتیار بێن پێویستت بە سەقامگیری و ئاسایشە و دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین".
شاندەکەی نەمسا بێجگە لە وەزیری دەرەوە، نوێنەرانی 10 کۆمپانیای گەورەی نەمسای تێدا بووە بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.