وشکەساڵی جووتیارانی زاخۆ ناچار دەکات ئاو لە رووبارەکانەوە رابکێشن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە جووتیاران و ئاژەڵداران لە سنووری زاخۆ ئاو لە رووبارەکانی خابوور و هیزل رادەکێشن، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەو دوو رووبارە ئەوان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاویشی نیگەران کردووە، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بڕیاریداوە کە لەمەودوا بە بڕیاری لیژنەیەک رێگە بە راکێشانی ئاو بدات لەو دوو رووبارە.
 
سەرهات جەمیل، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "ئێمە غەتاس [ماتۆڕی ئاو] دەبەینە ناو رووبار و ئاو رادەکێشین، بەڵام رۆژانە ماتۆڕی ئاوەکان زیاتر دەبەینە دواوە، چونکە هەر ئاو کەم دەبێت."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی زاخۆ، 80٪ی بەروبوومی کشتوکاڵیی سنوورەکە پشت بە ئاوی رووبارەکانی خابوور و هیزل دەبەستێت. جووتیارێک کە بە درێژایی سێ کیلۆمەتر ئاوی لە رووبارەکە راکێشاوە دەڵێت، 70 دۆنم زەوی لەبەر ئاوەکە کردووەتە بەروبوومی کشتوکاڵ.
 
سەباح ساڵح، جووتیار بە رووداوی گوت، "باینجان، شووتی و خەیارم چاندوون، بەڵام ئاوەکە کەمە و لە دوورەوە رایدەکێشین. وەک دەبینن بەشێک لە [بەرهەمەکانی] وشکبوون لەبەر بێ ئاوی."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون لە راکێشانی ئاو بۆ ناو زەوییە کشتوکاڵییەکان پێکهێناوە و دەڵێت، ئیدی بۆ راکێشانی ئاو، پێویستە جووتیاران مۆڵەت لەوان وەربگرن.
 
ساڵح حەسەن، بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ دەڵێت، "[بەپێی رێنماییەکان ئەو جووتیارەی دەیەوێت ئاو رابکێشێت] پێویستە زەوی هەبێت و زەوییەکەش بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێندرێت، هەروەها دەبێت ئەو زەوییانە ئاوی بۆ رابکێشرێت کە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئاویی نەبێت. دواتر لیژنەیەک بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئاو بەو زەوییە بدرێت یان نا."
 
ئاژەڵدارێک لە سنووری زاخۆ کە 400 سەر ئاژەڵ بەخێودەکات، نەیتوانیوە رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ جێبەجێ بکات، بۆیە بە تانکەر ئاو بۆ ئاژەڵەکانی دابین دەکات و دەڵێت: "من شوانی ئەم ئاژەڵانەم. داوام لە خاوەن ماتۆڕێکی ئاو کرد [کەسێک کە بە ماتۆڕ ئاوی راکێشاوە] بۆ ئەوەی کەمێک ئاومان پێدات و ئاژەڵەکانم ئاو بدەم."
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 95 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بەراو هەن.