رووداو دیجیتاڵ
نووسین و داڕشتنەوەی: هیدایەت جان - گۆڤەند مستەفا
سەرۆکی لیژنەى دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، راپۆرتێکیان ئامادەکردووە کە بەسەر حەوت تەوەری سەرەکیدا دابەش دەبێت و هەموویان پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئاماژە بەوەش دەدات کە داهاتی نەوت لە ئاستێکی بەرزدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-09-2022، زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەى دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. لەبارەی نێوەڕۆکی دوایین راپۆرتی لیژنەکەیان کە پێشکێشی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، رایگەیاند، راپۆرتەکەیان لە چوارچێوەی ئەو 13 یاداشتەدا هاتووە کە رووبەڕووی لیژنەکەیان کراوەتەوە بۆئەوەی بەدواداچوونیان لەسەر بکەن و دەڵێت: "ماوەی سێ مانگە دەستمانکردووە بە ئامادەکردنی راپۆرتێکی نوێ؛ بۆ ئەو مەبەستە لە لیژنەی دارایی، پێنج لیژنەی لاوەکیمان پیکهێنا. راپۆرتەکەمان بەسەر حەوت تەوەری سەرەکیدا دابەش دەبێت کە هەموویان پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".
بەبەریەکخستنی قەرزەکان
سەبارەت بە بابەتی بەبەریەکخستنی قەرزی هاووڵاتییان کە لای حکومەتە و ئەو قەرزەی حکومەتیش کە لای هاووڵاتییانە، زیاد جەبار ئاماژە بەوە دەکات، لەو بابەتەدا دەیانەوێت چەند ئامانجێک بپێکن و دەڵێت: "ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی لێبڕینی مووچەوە قەرزداری فەرمانبەرانە و لە هەمانکاتدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش قەرزداری حکومەتن لە سولفە، پارەی کارەبا و ئاو و.. ئەوەی هاووڵاتییان قەرزدارن سەرووی هەشت ملیار دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سەروو 14 ترلیۆن دینار قەرزداری مووچەخۆران و فەرمانبەرانە".
سەرۆکی لیژنەى دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە لە راپۆرتەکەدا بە وردی "باسمان لەوە کردووە کە لەنێوان ئەو دوو قەرزەدا مەقاسە بکرێت کە بەهۆیەوە بەشێک لەو قەرزانە دەدرێتەوە و بەشی دووەمیش پێشنیازمان کردووە بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020 کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پارەی پاشەکەوتی مووچە ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران بکاتەوە و پارە خەرجکراو و خەرجنەکراوەکانی تێدا جێبکرێتەوە و ئەو قەرزەی لای حکومەتە بەشێکی بە مەقاسە و ئەوی دیکەشی کە دەمێنێتەوە، بە میکانیزمێک بخرێتە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران و مووچەخۆران".
بە گوتەی زیاد جەبار، بۆ ئەو بابەتەش "رەچاوی دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و نەمانویستووە پێشنیازێک بکەین کە بارگرانییەک دروستبکات کە حکومەت بۆی جێبەجێ نەکرێت. ئەو قەرزەی حکومەت کە لای هاووڵاتییانە بەشێکی نادرێتەوە، بۆیە ئەو مەقاسەیە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی حکومەت دروستناکات و ئەوەی کە دەمێنێتەوە و دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران، بە رێنمایی وەزارەتی دارایی دەتوانێت خەرجی بکات".
زیاد جەبار نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە "ئەگەر 30 ملیۆن دینار چووە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەرێک، مەرج نییە بتوانێت بە جارێک هەموو ئەو پارەیە رابکێشێت. دەبێ بە رێنمایی وەزارەتی دارایی کشاندنەوەی پارەکە جێبەجێ بکرێت".
پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە
لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش، زیاد جەبار دەڵێت: "ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بابەتی بەرزکردنەوەی پلەیان ئەنجامداوە و ئەوەی ماوەتەوە 50٪ی فەرمانبەرانی شارستانین کە پێویستە حکومەت پلەبەرزکردنەوەی ئەوانیش جێبەجێ بکات کە ماوەی شەش بۆ حەوت ساڵە راگیراوە".
زیاد جەبار پێیوایە کە راگرتنی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نایاساییە" و دەڵێت: "راگرتنی پلەی فەرمانبەران بە رێنمایی کراوە و نایاساییە. لەکاتێکدا هەموو فەرمانبەرێک بەپێی یاسا مافی خۆیەتی ساڵانە پلەی بەرزبکرێتەوە، بەتایبەت کە ساڵانە ژمارەیەک فەرمانبەر خانەنشین دەبن و زیانێکی گەورەیان تووش دەبێت کە ماوەی سەش ساڵ هیچ پلەیەکیان بۆ بەرز نەکراوەتەوە و بە مووچەیەکی کەمتر خانەنشین دەبن و رەنگە دواییش ئومێدیان نەبێت ئەو مافەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە".
یاسای بودجە
تەوەرێکی دیکەی راپۆرتی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان لەبارەی یاسای بودجەیە لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت: "ماوەی نۆ ساڵە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییە و بەشێک لەو ناشەفافی و نادادپەروەرییەی باسدەکرێت، بەهۆی نەبوونی ئەو یاسایەوەیە".
زیاد جەبار ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پێداگرییان کردووە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023 یاسای بودجەی هەبێت و هەوڵ بدات تاوەکو کۆتایی ساڵ پڕۆژەی بودجە بنێرێتە پەرلەمان.
دامەزراندن و گرانبوونی بازاڕ
لەبارەی دامەزراندنی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و دامەزراندن بەگشتی، زیاد جەبار دەڵێت: "وردەکارییەکمان کردووە کە بۆچی دامەزراندن نییە و چۆن پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندن بکات؛ لەبەرئەوەی ناکرێت بەمشێوەیە بمێنێتەوە، بەتایبەت یەکەم و دووەم و سێیەمەکان کە لە ساڵی 2016ـەوە [حکومەت] داینەمەزراندوون. پێویستە جارێکی دیکە حکومەت بیر لەو بابەتە بکاتەوە و ئەو دامەزراندنانە ئەنجام بدرێن".
لەبارەی باج و گرانبوونی بازاڕ، زیاد جەبار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "زۆرجار باسدەکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زیادکردووە؛ ئێمەش بەدواداچوونمان کردووە و لەڕووی زانستییەوە هەوڵمانداوە شێوازی وەرگرتنی باج و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ باج بخەینەڕوو و داوامانکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی زانستی لەگەڵ بابەتی باج بکات".
داهاتی دەروازە سنوورییەکان
سەبارەت بە داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش، سەرۆکی لیژنەى دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لێکۆڵینەوەمان لە داهاتی شەش مانگی دەروازەکان کردووە؛ هەندێکیان داهاتیان کەمی کردووە کە ئەوەش سرووشتییە، بەڵام کەمکردنی داهاتی هەندێک دەروازە ناسرووشتییە کە بەهۆی پێناسی گومرگییەوە ئەو داهاتە دابەزیوە و داوامانکردووە حکومەت پێناسی گومرگی هاوتای ئەو پێناسانە بکات کە لە عێراق دەرچوون".
بە بڕوای زیاد جەبار، جیاوازیی پێناسی گومرگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەتایبەتی لەو دەروازانەی لەگەڵ خاڵە سنوورییەکانی حکومەتی عێراق نزیکی یەکن "بۆ نموونە لە نێوان مەرزی مونزرییە و پەروێزخان کێشەی دروستکردووە؛ ئەو کێشەیە بەشێکی پێویستی بە مامەڵەکردنی سیاسی هەیە و بەشێکیشی پەیوەندی بەو گەندەڵییەوە هەیە کە لەو دەروازانە دەکرێت".
بە گوتەی زیاد جەبار، "ئەگەر لە دەروازەی پەروێزخان بارێک بهێندرێتە ژوورەوە و 10 هەزار دۆلار گومرگەکەی بێت، 15 کیلۆمەتر لە خوارتر و لە دروازەی مونزرییە بە سێ هەزار دۆلار دەهێندرێتە ژوورەوە. سیاسەتی عێراقیش ئەوەیە بەشێکی زۆری ئەو بازرگانانە بگەڕێنەوە بۆ دەروازەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق و لەوێوە بارەکانیان بهێننە ژوورەوە. لەوێ کارئاسانی زیاتریان بۆ دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت پێناسی گومرگی لە هەموو عێراق وەکو یەک بێت".
داهاتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی لیژنەى دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە هەرێمی کوردستان خاوەن چوار سەرچاوەی داهاتە و دەشڵێت: "گرنگترین و گەورەترین سەرچاوەی داهات فرۆشتنی نەوتە. ئێستاش فرۆشتنی نەوت لە ئاستێکی بەرزدایە، کەواتە دەکرێت بڵێین دۆخی دارایی لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە".
سەبارەت بە داهاتی دەروازەکانیش، زیاد جەبار ئاماژە بەوە دەدات، لە راپۆرتەکەی ئەوان دەروازە بە دەروازە و مانگ بە مانگ ئاماژە بە داهاتی ئەو دەروازانە دراوە و گوتی: "ئێمە راپۆرتەکەمان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. ئاگادارین لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە چووەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی حکومەت لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبن و لەوێ راپۆرتەکەمان پێشکێش بکەین و وردەکارییەکەی لە رێگەی دانیشتنی پەرلەمانەوە خەڵکی هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەشێک لەوانە دەمانەوێت بە شێوازی پرسیار رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە کە پێویستە لە هۆڵی پەرلەمان وەڵامی هەبێت".
کورتهێنان لە داهاتی سلێمانی
سەبارەت بە بابەتی کورتهێنان لە داهاتی سلێمانی، زیاد جەبار گوتی: "وەزارەتی دارایی دووجار لیژنەیان ناردووەتە سلێمانی بۆ وردبینکردن لە داهاتی سلێمانی و سەرچاوەی داهاتی سلێمانی و خەرجییەکانی سلێمانیش. بەپێی ئەو دۆخەی هەموو لایەکمان دەیبینین، ئەو داهاتەی کە لە سلێمانی هەیە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ خەرجییەکاندا هەیە کە مانگانە رووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە؛ ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە چارەسەری ئەو بابەتە بکات".
زیاد جەبار دەشڵێت، ئەوان لە راپۆرتەکەیاندا پێشنیازی ئەوەیان کردووە "هەموو داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە و بگەڕێندرێتەوە گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دادپەروەرانە بەسەر هەموو پارێزگاکان و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت".
زیاد جەبار پێیوایە کە ئێستا ئەوەی لە سلێمانی هەیە "خەرجییەکان لەگەڵ داهاتەکان جیاوازی هەیە؛ کورتهێنان هەیە. تاوەکو مانگی پێشوو مانگانە 35 ملیار دینار سلێمانی کورتهێنانی هەبووە، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات. سەرەتا پێویستە ئەو هەنگاوە تێپەڕێنن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەوە دەربکەین کە ئەو بڕەی لە داهاتی نەوت دەمێنێتەوە 43٪ لە داهاتی ناوخۆ لە سلێمانی و 57٪ی لە هەولێر و دهۆک لە داهاتی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە".
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان لە سلێمانی و کۆبوونەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی و جۆری پڕۆژەکان، زیاد جەبار دەڵێت: "پڕۆژەکان بەشێکی زۆریان پڕۆژەی وەبەرهێنانن لە بوارەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار، رەنگە پڕۆژەکان زیاتر بن لەوەی ئێستا هەیە و پێویست دەکات مۆڵەتیان پێبدرێت و کاریان تێدا بکرێت. ئێستاش پێموایە نزیکەی 50 پڕۆژەیەک دەیانەوێت وەکو هەنگاوی یەکەم کاریان لەسەر بکرێت، ئەو رۆتینیاتەی بۆیان دروستدەکرێت و دەبنە بارگرانی و رێگیریکردن لەوەی وەکو پێویست کارەکانیان نەڕوات. ئێستا بڕیاری ئەوە دراوە کارئاسانیان بۆ بکرێت و رۆتینیات کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی بەزوویی بتوانن پڕۆژەکانیان بخەنە واری جێبەجێکردنەوە. بەخستنەوە واری جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە، لەو بوارانەدا جموجووڵێکی بازرگانی دروست دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ