مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایکۆتکردن و خۆپێشاندان دەکەن

13-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیێنن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆیە هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن. نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، "ئەگەر کێشەکانمان چارەسەر نەکرێن و دامەزراندن بە گرێبەست بۆ وانەبێژان نەکرێت، ئەوا ئەمساڵ کەرتی پەروەردە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە."
 
کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەیانەوێت ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەکەی د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە تایبەت بە وانەبێژان پەسند و جێبەجێ بکات بۆئەوەی بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر ببێت.
 
پرۆژەکەی وەزیری پەروەردە بریتییە لە دانانی وانەبێژ بە گرێبەست لە شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن. کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوا پرۆسەی خوێندن دەوەستێت و وانەبێژان کە رێژەی 20%ی مامۆستایانی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بایکۆتی خوێندن و هۆڵەکان دەکەن."
 
رۆژی دووشەممە، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنەوە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تائێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری کێشەی وانەبێژان بە دامەزراندن دەرنەکەوتووە، ئەوەی تا ئێستا هەیە و باسی لێوە دەکرێت، پرۆژەیەکە کە بەڕێز وەزیری پەروەردە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە و بەڕێزیان چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکی حکومەتن."
 
هەروەها بە مکوڕبوونەوە باس لە ئەگەری بایکۆتکردن دەکەن و دەڵێن، "وانەبێژانی بەڕێز و دڵسۆزانی بواری پەروەردە دڵنیا دەکەینەوە، کە خوێندنی ئەمساڵ بە شکست و وەستانی پرۆسەکە تێدەپەڕێت، لەسەر دەستی مامۆستایانی وانەبێژ، دووبارە کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە بەرامبەر خزمەتی وانەبێژان، منداڵانی ئەو نیشتمانە دەخاتەوە بەردەمی بایکۆتی خوێندن و وەستانی ئەو پرۆسە پیرۆزە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئەیلوولی 2022، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2022 - 2023یە لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژدا باس لە کاژێر سفریش بۆ خۆپێشاندان دەکرێت و رایدەگەیەنن، "مامۆستایانی ئازیزی وانەبێژ دڵنیا دەکەینەوە، لە هەر چرکەساتێکی دیاریکراو و گونجاوی ئەمساڵدا چاوەڕێی بایکۆت و خۆپێشاندانی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ بن، کە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە گونجاوی بزانن و لە ساتەوەختێکی هەستیاردا کە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە بە کرداریی تێبگەیەنێت لە گرنگیی مامۆستایانی وانەبێژ، لە کاژێری سفردا بە یەک دەنگ و بەڵێن لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2022 - 2023 دێینە دەرەوە و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەدرێت ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن."
 
عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی راگەیێندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە شەڕی مافەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دەکەین و لە هەموو لایەکەوە هەوڵیان بۆ دەدەین و وەزارەتی داراییش خەمی لێخواردوون، بۆیە بەیەکەوە هەوڵدەدەین ماف و شایستە داراییەکانیان بە زووترین کات خەرج بکرێت، هەرچەندە هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو پرسە بکەین، بەڵام ئێمە پێشبینیی بایکۆت و خۆپێشاندان ناکەین."
 
مامۆستایانی وانەبێژ بەشێکن لەو مامۆستایانەی لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دانەمەزراون و بەهۆی بوونی بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن بە کرێیەکی مانگانە وانە دەڵێنەوە، چەند ساڵێکە داوای دامەزراندن دەکەن. بەپێی ئامارەکانی خۆیان، ژمارەیان لە ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 گەیشتووەتە 30 هەزار و 465 مامۆستای وانەبێژ، بەڵام بەهۆی رێنوێنییە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن کە تێیدا بڕیاری رێکخستنەوەی میلاکات و وانەوتنەوە کراوە، نزیکەی چوار هەزار مامۆستای وانەبێژ لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 6-5-2024

د. عادل باخەوان: نێچیرڤان بارزانی لە ئێران کێشەکانی هەولێر و بەغدای لە سەرچاوەوە چارەسەرکرد

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق دەڵێت سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەستکەوتی زۆری بۆ خەڵک تێدایە و داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵک بەدیدەهێنێت، گوتیشی 'سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، کێشەکانی هەولێر و بەغدای لە سەرچاوەوە چارەسەر کرد.'