لە شەمزینان بۆمبێک بە کاروانێکی سوپای تورکیادا تەقییەوە

13-09-2017
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن شەمزینان تەقینەوە
A+ A-

رووداو - جۆلەمێرگ

لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێک لە قەزای شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان، پاسەوانێکی گوند کوژرا و سێی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای جۆلەمێرگ، شەوی رابردوو 12-9-2017، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کەژاوەیەکی جەندرمە و پاسەوانانی گوند لە شارۆچکەی شەمزینان، پاسەوانێکی گوند گیانی لەدەستدا و سێی پاسەوانی دیکەش بریندار بوون.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆمبەکە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر ئەو رێگەیەدا چێندراوە کە هێزەکانی جەندرمە و پاسەوانانی گوند هاتووچۆی پێدا دەکەن.

دوای رووداوەکە هێزەکانی فەرماندەیی جەندرمە لە ناوچەکەدا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنین کردووە. تاوەکو ئێستاش پەکەکە هیچ لێدوانێکی لەبارەی تەقینەوەکە نەداوە.


پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە