خێزانی ئەنجلینا جولی کورد بێ کچەکەیان جەژن بەڕێدەکەن

رووداو- هەولێر

ڤیان عەنتەر، کە بە ئەنجلینیا جولی کوردی ناسرابوو و ئەندام بوو لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش لە شاری جەرابلووس لە رۆژئاوای کوردستان شەهید کرا.


ڤیان، یان ئەنجلینا جوولی وەک خێزان و هاوڕێیانی باسی دەکەن هەمیشە لەریزەکانی پێشەوەی شەڕی بەرگریکردن لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە و شەیدای هاوکاریکردنی هەژاران و بەرگریکردن لە کچە کورد و عەرەب و مەسیحییەکان بووە. 

خێزانی ڤیان، باس لە گوزەراندنی یەکەمین جەژنی قوربان بەبێ ئامادەبوونی کچەکەیان دەکەن و بە دانانی وێنەیەکی گەورەی ئەو و باسکردنی یادەوەرییەکانی، شانازی خۆیان بە کچە شەهیدەکەیان دەردەبڕن.

رەمەزان عەنتەر، باوکی ڤیان دەڵێت: "هەموو خێزان و کەسوکاری ئێمە ڤیانیان خۆش دەویست. ئەو کەسێکی جیاواز بوو. پڕ بە هەستی مرۆیی بوو. ئەم جەژنە بەبێ ڤیان دەگوزەرێنن. بەڕاستی قورسە. هەرگیز لەیادی ناکەین".

ڤیان ئەندام بووە لە هێزەکانی یەپەگە و وەک خێزانەکەی دەڵێن، ناسراو بووە بە ئازایەتی و چاو نەترسی و بەرگریکردن لە وڵات.

سەفقان عەنتەر- برای ڤیان سەبارەت بە کەسایەتی خوشکەکەی دەڵێت: "دوو ساڵ بەر لە ئێستا ڤیان چووە ریزەکانی یەپەگەوە. ئەو بە شەڕڤانێکی بوێر و چاو نەترس ناسراو بوو. هەرگیز نەدەترسا نە لە داعش و نە لە هەر گرووپێکی دیکە. ئەو هەمیشە بەرگری لە کچە کورد و مەسیحی و عەرەبەکان دەکرد و لەڕیزی پێشەوەی بەرەکانی شەڕدا بوو".

هاوڕێکانی ڤیان باس لەلایەنی مرۆیی ئەو شەڕڤانە دەکەن و دەڵێن، جوانی ئەو هۆکارێک نەبووە تا خۆی لە هاوکاریکردن و بەرگریکردن لە خەڵک و وڵات دوور بگرێت، بەڵکو ئەو هەمیشە هەوڵی داوە دەستی هاوکاری بۆ هەژاران درێژ بکات.

هاوڕێیەکی ڤیان دەڵێت: "زۆر کەس دەیگوت ڤیان لە ئەنجلینیا جوولی دەچێت. بەڵام ئەو تەنها بە شێوەی دەمووچاوی لەو نەدەچوو، بەڵکو کەسایەتیشی لەو دەچوو، کە هەمیشە حەزی دەکرد هاوکاری هەژاران بکات. ڤیان حەزی دەکرد بەرگری لە ئێزیدییەکان بکات تا بگەڕێنەوە ناوچەکەی خۆیان. ئەو جوان بوو، بەڵام بە عەقڵ و بەدڵ کاری دەکرد. نەک بە جوانییەکەی".

ڤیان یان ئەنجلینا جوولی کوردی، تاقە کچی خێزانەکەی، رۆژی 30ی ئاب لە کاتی شەڕی یەپەگە دژ بە چەکدارانی داعش لە نزیک شاری جەرابلوس لە رۆژئاوای کوردستان شەهید کرا.