دەقی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

رووداو - هەولێر

کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ، لەدوای کۆبوونەوەکە فوئاد حوسێن ، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا.


سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند:" کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکڕیزبن و بە یەکڕیزی ئەم پرۆسە بەڕێوە ببەن. لەکۆبوونەوەکە جارێکی دیکە کۆمەڵێک پێشنیازی تازە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە".

بە گوتەی فوئاد حوسێن" ئەو پێشنیازانە لەلایەن حیزبەکانەوە هاتبوون و گفتوگۆیەکی باش کرا لەسەر ئەو پێشنیازانە. داواکرا لە حیزبەکان جارێکی دیکە بڕۆنەوە لای سەرکردایەتی حیزبەکانیان بۆ تاوتوێی ئەو پێشنیازە نوێیانە، چونکە پێشنیازەکان لەلایەنی جوداجودا هاتبوون، داواکرا کە تاوتوێی بکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوو پێشنیارەکان بەشێوەی نوسراو بێننە ناو کۆبوونەوەکە تاوەکو لەکۆبوونەوەی داهاتوو بگەین بە ئەنجامێکی کۆتایی".

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەکرد کە" ئەم پرۆسەیە تاوەکو ئێستا زۆر باش بەڕێوەچووە. راستە دواکەوتووین بەڵام بابەتەکان گرنگن. لە کۆبوونەوەکان تەنیا بابەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باس ناکرێت، بەڵکو ئباس لە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکرێت". 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هێرشەکانی سەر بارەگای یەکگرتوو لە چەمچەماڵ کرد و رایگەیاند:" لە کۆبوونەوەکە ئیدانەی ئەو هێرشەکرا بۆ سەر بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چەمچەماڵ". 

گوتیشی:" نابێت جیاوازی بیروڕا لەنێوان حیزبەکاندا ببێتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ حیزبێکی سیاسی. یەکگرتوو دەورێکی زۆر ئەرێنی هەبووە لەم کۆبوونەوەدا و هەموو لایەنەکان ئیدانەی ئەم کردەوەیەیان کرد کە لە چەمچەماڵ رویداوە. هیوادارین بەزووترین کات ئەوانەی هێرشیان کردە سەر بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی دەستگیربکرێن".

فوئاد حوسێن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەداسەبارەت بە پێشنیازەکان گوتی:" ناچمە درێژەی ئەو پێشنیازانەی کراون، بەڵام پێشنیازەکان روونن و پەیوەندییان بە شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. گوتیشی دوو پێشنیازی نوێ هەبوو دەربارەی هەردوو بابەتەکە".

سەبارەت بە ئامادەنەبوونی یاساناسەکان لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ، فوئاد حوسێن گوتی:" ئەوان لە کۆبوونەوەی یەکەم و دووەمیش نەبوون. بەڵام دواتر هێزە سیاسییەکان داوایانکرد کە ئەوانەی تایبەتمەندن لە بواری یاسا وەک راوێژکار بەشداربن، یاساناسەکان ئەگەر پێویستی کرد نزیک دەبن لە کۆبوونەوەکە تاوەکو بتوانن ئەگەر سیاسییەکان گەیشتنە رێککەوتن بتوانن بیخەنە چوارچێوەی یاسا".

فوئاد حوسێن جەختیکردەوە کە" لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەکان جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی و پێویستی پاراستنی یەکێتی ، خەبات و ئامانج لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوون لەکاری هاوبەش".

بەگوتەی فوئاد حوسێن " کۆمەڵێک پێشنیازی نوێ خرانەڕوو کە پەیوەندیان بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا واتە دوای هەڵبژاردنی داهاتووەوە هەیە، هاوکات کۆمەڵێک بیروڕا خرانەڕوو دەربارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا". 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە" خوازیارین کۆبوونەوەی داهاتوو لە رۆژی پێنجشەممە دوا کۆبوونەوە بێت، بەڵام ئەگەر رۆژی پێنجشەممە 17-9-2015 نەگەینە ئەنجامی کۆتایی ، بە مانای کۆتایی کۆبوونەوەکان نایەت بەڵکو بەردەوام دەبین تاوەکو دەگەینە ئەنجامێک و هەموو لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکەدا سوورن لەسەر ئەوەی بگەنە بڕیارێکی هاوبەش".

سەبارەت بە کێشەکانی پارێزگای سلێمانی و باسکردنی بودجە بۆ ئەو پارێزگایە لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن گوتی" باسی بودجەی سلێمانی نەکراوە. ئەوەی باسکراوە لەم کۆبوونەوەدا ئەوەبووە لایەنەکان پێشنیازی نوسراو بهێنن بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو".

فوئاد حوسێن بە رۆژنامەڤانانی گوت:" ئێوە دیارە ئاگادارکراونەتەوە لە هەندێک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە. پێشنیازەکە ئەوەیە کە هەموو شتەکان بە یەک پاکێج باسبکرێت و بە یەکەوە گفتوگۆیان لێبکرێت. ئێمە وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازێکمان کرد کە بابەتەکە بکرێتە چەند قۆناخێک بۆ ئەوەی بە ئاسانتر بگەین بە ئەنجام. ئەوە پێشنیازی ئێمە بووە".

فوئاد حوسێن گوتیشی:" ئەوەی ئێمە سورین لەسەری ئەوەیە کە رەوتی ئەم گفتوگۆیە لە واقیعێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەیسەلمێنێت حیزبە سیاسییەکان بڕوایان بە گفتوگۆ و کاری هاوبەش هەیە. هەر بۆیە لە ئەنجامدا لایەنە سیاسییەکان دەگەنە ئەنجامێکی کۆتایی و پێموایە ئەم کۆبوونەوانە بۆ گەیشتنە بەرێککەوتنێکی هاوبەش و دەبێت شەقامی کوردی دڵنیابکەینەوە کە ئەم کۆبوونەوانە بۆ دروستکردنی ناکۆکی نوێ نییە بەڵکو بۆ رێککەوتنی نوێیە".

سەبارەت بەوەی کە بۆچی کۆبوونەوەکان درێژدەکرێنەوە فوئاد حوسێن گوتی:" لە هەموو کۆبووونەوەیەکدا دەڵێین هیوادارین ئەمە دوایین کۆبوونەوە بێت بەڵام کاتێک بیرۆکەی نوێ دێتە پێشەوە ئەوا ئەوکات حیزبەکان پێویستییان بە راوێژ هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی خۆیان. بەڵام بڕوام وایە ئەمجارە رۆژی پێنجشەممە بە بڕیارێکەوە دەگەڕێنەوە کە رێگە نیشاندەردەبێت بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".

لەبەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا فوئاد حوسێن باسی لە پابەندبوون یان پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە یاسا عێراقییەکانەوە کرد و گوتی" بابەتی ئەوەی یاسا لە عێراقەوە دەربچێت پەیوەندی بە عێراقی فیدراڵی هەیە، بەڵام دەبێت لەبیرمان نەچێت ئەوە جێگیرکراوە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خاوەنی مافی دەرکردنی یاسای پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان. ئەو کاتەش کە ناکۆکییەک لەنێوان یاسای کوردستان و یاسای عێراقدا هەبوو، ئەوەی کوردستان باڵادەست دەبێت".

فوئاد حوسێن سەبارەت بە بانگهێشتی پێکهاتەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان گوتی" لە کۆبوونەوەی رابردوو بانگهێشتی نوێنەرانی تورکمان و مەسیحی و ئەو حیزبانەش کرا کە نوێنەرییان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتنە ئەنجام. لەم کۆبوونەوەدا داواکرا لە حیزبەکان و تورکمان و مەسیحییەکان کە نوێنەری خۆیان بنێرن. ئەستەم بوو یەک نوێنەر دیاریبکرێت ، تورکمانەکان چەند حیبزێکیان هەیە و مەسیحییەکانیش بەهەمان شێوە".

بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەخت پرسێکی دیکە بوو کە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی:" بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەخت پێش ئەم کۆبوونەوەیەش باسکرا و لەلایەن هێزە سیاسیەکانیشەوە باسدەکرێت بەڵام ئێستا ئەولەویەت ئەوەیە کە بابەتی دەسەڵات و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەگەر لەسەر ئەوە گەشتین بە ئەنجام ئەوە پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەختیش ناکات".