شارەوانییەکانی راپەڕین: زۆربەی وەزارەتەکان فۆڕمی دابەشکردنی زەوییان تەواو کردووە

13-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆڕمی دابەشکردنی زەوییان تەواوکراون و  بڕیارە لە ماوەی کەمی داهاتوودا فۆڕمەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێت: "ئەم ساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشدەکرێت."
 
ئاوارە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەکانی دابەشکردنی فۆڕمی زەویی بەردەوامە، ئێستا زۆرینەی وەزارەتەکان پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان تەواو کردووە، بەشێکیان ماون، هەرچەندە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان نییە، بەڵام بەشێکی وەزارەتەکان ماوەیان دیاریکردووە."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ دابەشکردنی زەوییەکان، ئاوارە عەلی گوتی: "پڕۆسەکە چەند هەنگاوێکی باشی بڕیوە، لەوانە دیاریکردنی شوێنی زەوییەکان، ئەو 10 خاڵەی بە ئەنجوومەنی وەزیرانمان دابوو رەزامەندی لەسەر زۆرینەی زۆری درا لەوانە دامەزراندنی فەرمانبەر، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، سوودمەندبوونی هاونیشتمانییانی سنووری مادەی 140 و هی دیکەش، بۆیە ئەو قۆناخە تەواو بووە، دوای گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەن نووسراوی بۆ وەزارەتی شارەوانی پێدەردەکات و دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت، کە ئەم ساڵ ئەو کارە دەکرێت."
 
27ـی ئاداری ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون، لەگەڵ خانەنشینان.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، ئەو هاونیشتمانییانەش دەگرێتەوە کارتی زانیارییان سنووری مادەی 140ـی دەستووری عێراقە.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو شاری ناوەندی پارێزگاکە 5 هەزار دینار 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان سێ هەزار دینار 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان دوو هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە