رووداو - سلێمانی
فستق، دارە نوێیەکەی باخەوانەکانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان دەرچووە، ئێستا بووەتە دڵخوازی باخەوانەکان و ساڵانە رووبەری روێندراو بەو دارە زیاد دەکات.
18 ساڵە مامۆستا حەسەن محەممەد خزمەتی دارێکی بەناز و ناسک دەکات، هەموو رۆژ بە ئاودان، دەرمان و هەڵپاچین نازی هەڵدەگرێت، ئەو باخەوانە دەڵێت، "کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بۆ فستق زۆر لەبارە و تاوەکو دەتوانن بیڕوێنن."
ساڵی 2006 یەکەمجار مامۆستا حەسەن دوو دۆنم و نیو زەویی بە داری فستق رواند، تاوەکو ئێستایش لە خزمەتیان بەردەوامە و بە نزیکەیی 250 داری فستق لەنێو باخەکەیدا هەیە کە لە گوندی زەمەقی هەڵەبجە، ساڵانە بە موتروبە و لێکدانی نێر و مێ هەوڵی زیادکردنی بەرهەمەکەی دەدات، کە ساڵانە دەگات 200 کیلۆ.
مامۆستا حەسەن محەممەد دەڵێت، "فستق جۆری زۆرە و لە هەرێمی کوردستان زۆربەی جۆرەکانی بە باشی پێدەگەن."
هەرچەندە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان له ههرێمی كوردستان نزیكهی 300 دۆنم زهوی به فستق چێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە دروستی نازانرێت رووبەری روێندراو بە داری فستق چەندە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی داوای کردووە بودجەیان بۆ تەرخان بکەن و بۆ یەکەمین جار رووپێوی بۆ فستق بکەن.
جەلیل شەمسەدین، بەڕێوەبەری بەشی باخداریی کشتوکاڵی سلێمانی گوتی، "نەمامگەیەکی تایبەتمان هەیە لە سلێمانی، کە شەتڵی فستق ئامادە دەکات و موتروبە دەکات، بەرهەمی ساڵانە شەش بۆ حەوت تۆنە."
داری فستق دوای 10 ساڵ لە رواندنی بەرهەمی دەبێت و زۆرینەی بە سەوزی دەفرۆشرێت، کە نرخەکەی لەنێوان 6 تاوەکو 10 هەزار دینارە بۆ هەر کیلۆیەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ