لە 6 زانکۆی باکووری کوردستان کورسییەکان بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی زمانی کوردی پڕبوونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی زازاکی و کرمانجی لە 5 زانکۆی باکووری کوردستاندا هەیە. ساڵانە ژمارەیەک کورسی تەرخان دەکرێن و هاونیشتمانیان ناودەنووسن بۆئەوەی لەو بەشانە کوردی بخوێنن و لە داهاتوودا ببنە مامۆستای زمانی کوردی.
 
محەممەد سەیت ئۆزتورک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی یەکێتیی دڵدارانی کورد DIL-KURD بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کورسیانەی بۆ زمانی کوردی تەرخان کراون، هەموویان پڕ بوونەتەوە و ئێستا هیچ کورسییەکی بەتاڵ نەماوە.
 
ئۆزتورک ئاماری بەردەستی بۆ رووداو نارد و بەگوێرەی ئەو ئامارە، زانکۆی دیجلەی ئامەد کە ئەم ساڵ دەستی بە وەرگرتنی خوێندکاری بەشی زمانی کوردی کردووە، 26 کورسی تەرخان کردووە و هەموویان پڕبوونەتەوە؛ لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین 36 کورسی بۆ کرمانجی تەرخانکراون؛ لە زانکۆی ئاڵپئارسڵانی مووش 31 کورسی بۆ کرمانجی تەرخان کراون؛ لە زانکۆی چەولیگ 36 کورسی بۆ کرمانجی و 31 کورسیش بۆ زازاکی تەرخان کراون؛ هەروەها لە زانکۆی مونزوری دێرسم 36 کورسی بۆ زازاکی تەرخان کراون.
 
محەممەد سەیت ئۆزتورک باسی لەوە کرد، ئەو ئامارەیان لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیانە وەرگرتووە.
 
ئەو خوێندکارانەی لەو بەشانە دەردەچن، دەتوانن ببنە مامۆستای زمانی کوردی و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا وانە بڵێنەوە.
 
وەزیری پەروەردەی تورکیا لە ئایاری ئەم ساڵدا رایگەیاند، ئەم ساڵ لە تەواوی تورکیادا 20 هەزار مامۆستا دادەمەزرێندرێن. لەو ژمارەیە تەنیا 10 مامۆستای زمانی کوردی دامەزران کە 6یان بۆ کرمانجی و 4یان بۆ زازاکی بوون.