بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق دەڵێت، پێکهاتەیەک و نیوەی پێکهاتەیەکی دیکە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا پەراوێز خراون. سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبیش لە کەرکووک داوای دەستوەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەوەی رۆژی 10ی مانگ لە بەغدا کرا "نایاسایی" بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-08-2024 بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک گردبوونەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزاییەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن.
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، لە حکومەتی خۆجێیی ئێستای کەرکووکدا "پێکهاتەیەک و نیوەی پێکهاتەیەکی دیکە پەراوێزخراون. ئەمە ناسرووشتییە و قبووڵکراو نییە. پێویستە ئەوانەی ئەو بڕیارە هەڵەیان داوە، پاشگەز ببنەوە."
بەرەی تورکمانیی عێراق لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی 2 کورسییە لە 16 کورسییەکە و حەسەن تۆران گوتی، "ئێمە پەنامان بۆ دادگە بردووە و متمانەمان بە دادگەی عێراق هەیە. سکاڵامان پێشکێش کردووە و بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەمان لە دادگەی باڵای فیدراڵی، دادگەی عێراقی و دادگەی کارگێڕی تاوەکو مافەکانمان بەدەست دەهێنین."