بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی گردبوونەوە

13-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق دەڵێت، پێکهاتەیەک و نیوەی پێکهاتەیەکی دیکە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکدا پەراوێز خراون. سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبیش لە کەرکووک داوای دەستوەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەوەی رۆژی 10ی مانگ لە بەغدا کرا "نایاسایی" بوو.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-08-2024 بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک گردبوونەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزاییەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن.
 
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، لە حکومەتی خۆجێیی ئێستای کەرکووکدا "پێکهاتەیەک و نیوەی پێکهاتەیەکی دیکە پەراوێزخراون. ئەمە ناسرووشتییە و قبووڵکراو نییە. پێویستە ئەوانەی ئەو بڕیارە هەڵەیان داوە، پاشگەز ببنەوە."
 
بەرەی تورکمانیی عێراق لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی 2 کورسییە لە 16 کورسییەکە و حەسەن تۆران گوتی، "ئێمە پەنامان بۆ دادگە بردووە و متمانەمان بە دادگەی عێراق هەیە. سکاڵامان پێشکێش کردووە و بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەمان لە دادگەی باڵای فیدراڵی، دادگەی عێراقی و دادگەی کارگێڕی تاوەکو مافەکانمان بەدەست دەهێنین."
 
 
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
هەر لە گردبوونەوەکەدا راکان جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک کە هاوپەیمانییەکە خاوەنی 3 کورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک قسەی کرد و گوتی، "ئێمە وەک تورکمان و هاوپەیمانیی عەرەبی و حیزبی سیادە دووپاتی دەکەینەوە، لەسەرەتاوە هەڵوێستمان جێگیر بووە و هەر بە جێگیریش دەمێنێتەوە. پەنا بۆ دادگە دەبەین بۆ پاراستنی مافەکانمان."
 
راکان جبووری گوتی، "من سەرۆکی تەمەنم و هەر دانیشتنێک سەرۆکی تەمەن سەرپەرشتی نەکات، دانیشتنێکی نایاساییە. ئەوەی روویدا نایاسایی بوو."
 
راکان جبووری ئاماژەی بەوەشکرد، "داوا لە بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکەین دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک و دۆخەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ رێچکەی یاسایی خۆی. دەبێت کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دوای رێککەوتن و سازان بکرێت، ئەویش بەپێی مادەی 13 بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی تەمەن کە هەمووان رەزامەندبن لەبارەیەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 زۆرینەی کتێبەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە چاپ دەکرێن.

زۆرینەی کتێبەکانی کوردستان لەدەرەوە چاپ دەکرێن؛ بەرزی نرخ هۆکاری سەرەکییە

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 چاپخانەی تایبەت بە چاپکردنی کتێب هەیە، بەڵام 65٪ـی ئەو کتێبە کوردییانەی لەپێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێرن بۆ کتێب، لە ئێران، تورکیا، لوبنان و ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکە چاپدەکرێن.