یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێت؛ رەنگە 7 ئەندام بەشدار نەبن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکاری بۆ یەکەم کۆبوونەوە دوای پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک دەکرێت، بڕیارە رۆژی پێنجشەمە، 15ـی ئاب، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حافز، سەرۆکی نوێ ئەنجوومەنەکە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت.
 
ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە، بەهۆی ناڕەزایەتییان پێناچێت حەوت ئەندامی پارتی، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی تێیدا بەشداربن و دەنگ بە دابەشکردنی پۆستە ماوەکانی دیکە بدەن. 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە، بەشداری لە ئیدارەی نوێ کەرکووک بکەن و پشکەکانیان وەربگرن،بەرەی تورکمانیش دەڵێت، "داواکارییەکەیان درەنگە و دان بەو ئیدارە نوێیەدا نانێن."
 
قەحتان وەندی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، "داواکارییەکە درەنگە، باشتر وابوو بانگهێشتی کوتلە براوەکان بکرێت پێش رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، دان بەم حکومەتە نانێین و لە هیچ کۆبوونەوەیەک بەشدار نابین لەژێر سەرپەرشتیی ئەم حکومەتە بێت و سکاڵام لە دادگەی فیدراڵیە لە بەغدا." 
 
سێ ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی، لەگەڵ بەرەی تورکمانی سکاڵایان لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک تۆمارکردووە و رەتیدەکەنەوە بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن و هیچ پۆستێک وەربگرن. 
 
سەلوە خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی عەرەبی بە تەواوی دوورخراینەوە لەکاتێکدا زۆرترین دەنگمان بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی کوتلە عەرەبییەکان، چۆن لیستێکی گەورە بێبەش دەکرێت لە پۆستەکان، تائێستا نازانین ژمارەی پۆستەکانی عەرەب چەندە و لە رێگەی راگەیاندنەوە بیستوومە."
 
پارتی چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی ئەو سکاڵایانەیە کە بەرەی تورکمانی و بەشێک لە عەرەب دژی ئیدارەی نوێی کەرکووک تۆماریان کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا داواکارییەکەی یەکێتی بە درەنگ دەزانێت. 
 
کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی دەڵێت، "بانگەوازەکە درەنگە و لە کات و ساتێکی پێویست نییە، دەبوو پێشتر ئەو بانگەوازە بکرایە، رێژەی بەشدارینەکردنی کورد لەم ئیدارەیە رێژەیەکی بەرچاوە، زیاتر لە 50 هەزار دەنگی پارتی، دەنگی نەوەی نوێ و لایەن ئیسلامییەکان، دەنگی سەربەخۆکان، چۆن لەگەڵ ئەم هەموو بێبەشکردنە مامەڵە دەکرێت، ئەم رێککەوتنە نێوماڵی کوردی پەرتەوازە کرد، من بیستوومە لە سیاسەتدا دانوستاندن هەیە، بەڵام ئەوەی کراوە دانە هیچ ستان نەبووە."
 
بەشدارینەکردنی هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لە ئیدارەی نوێ کەرکووک لە کاتێکدایە عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستی ئیدارییان پێدراوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە