چیرۆکی رزگارکردنی دوو کچە کوردی ئێزدی؛ پێش 10 ساڵ لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون
رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوانیی دوو کچە کوردی ئێزدی کۆتایی هات، کاتێک دوای 10 ساڵ لە رفاندنیان لەلایەن داعشەوە، بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.
کاتێک خوناو کەوتە دەست داعش، تەمەنی تەنیا سێ مانگ بوو و لە باوەشی مامۆژنێکی بوو، ئێستا تەمەنی بووەتە 10 ساڵ و رۆژی دووشەممە (8ـی ئاب) بە جلوبەرگی رەسەن و سیمبوولی ئێزییان، گەڕایەوە باوەشی دایکی.
خوناو نایف، کوردی نازانێت و بە عەرەبی، بە دەنگێکی پڕ لە جۆشوخرۆشەوە بە رووداوی گوت "زۆر خۆشحاڵم کە دوای 10 ساڵ، جارێکی دیکە گەڕامەوە شنگال."
تەواف داود ـیش لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە گوندی تل عوزێر کەوتبووە دەستی داعش. خەونەکەی ئەویش بووە راستی و گەڕایەوە نێو کەسوکاری.
تەواف دەڵێ "هەستێکی زۆر جوان و خۆشم هەیە، وەسف ناکرێت. باوەڕم نەدەکرد کەسوکاری خۆم ببینمەوە، سوپاس بۆ خوا کە دوای 10 ساڵ بە کەسوکار و خزمەکانی خۆم شاد بوومەوە، گەڕامەوە وڵاتی خۆم، سوپاس بۆ هەر کەسێک یارمەتیی داوین تاوەکو ئازاد بین."
لە سێی ئابی 2024، تەواوی ماڵباتی نعام لە گوندی کۆچۆ کەوتنە دەستی داعش، لە منداڵ و نەوەکانی تەنیا سێ کەس ماون، کە یەکێکیان خوناوی تەمەن 10 ساڵانە.
نعام خەلەف، داپیری خوناو دەڵێ "ماڵم خراپ بووە، چوار کوڕم چوون، ئەوە جگە لە بووکەکانم، یەکی کەمئەندامیش لە ماڵەوەیە، برا و برازا و پوورەکانم، هەموویان چوون و کەس نەما، بۆیە هەمیشە دەگریم."
ئەمەل حوسێن، دایکی خوناو دەڵێ "10 ساڵ بوو کچەکەم گیرابوو، ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم رزگاریان کرد، ماڵی هەمووان ئاوا بێت، بەڕاستی کەمتەرخەمییان نەکرد، دەمانەوێت ئەوانەی دیکەش کە ماون، رزگار بکرێن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
بە هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی رزگاکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، هەردوو کچە ئێزدییەکە لە کەمپی هۆل رزگارکران، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ رزگارکردنی ئەوانی دیکە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان بە رووداوی گوت "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە؛ هەتاوەکو یەک کەس مابێت، کاری ئێمە بەردەوام دەبێت. نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان بە وردی بەدوای ئەو مژارەدا دەچێت، بە هەماهەنگیی ئێمە و ئەو تیمانەی لەگەڵماندا کار دەکەن."
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "زانیاریمان هەیە زیاتر لە 600 کچ و خوشکی ئێمە لە کەمپی داعشدان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، دەمانەوێت حکومەتی بەغدا بێتە سەر هێڵ... دەمانەوێت حکومەتی بەغداش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەر هێڵ."
ژمارەی ئەوانەی لە دەستی داعش رزگارکراون، گەیشتووەتە سێ هەزار و 581 کەس و هێشتا چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەسی دیکەش نادیارە.