ئیبراهیم شێخۆ: کەمتر لە 200 هەزار کورد لە عەفرین ماون

 
رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانێکی عەفرینی دەڵێت، زیاتر لە نیوەی هاونیشتمانییانی عەفرین لە دەرەوەی هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستان دەژین و بۆ گەڕانەوەش هەر خێزانێک دەبێت 6 بۆ 10 هەزار دۆلار بداتە گرووپە چەکدارەکان.
 
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی عەفرینی و بەرپرسی پێشووی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی عەفرین و دەوروبەری خراپە. دووشەممەی رابردوو گرووپی چەکداریی عەمشات خەڵکی گوندەکانیان کۆکردەوە و داوای باجی لێکردن."
 
ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکانی سوڵتان سلێمان و هەمزات کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات و لە شاری راجۆی هەرێمی عەفرین و دەوروبەری دەسەڵاتیان هەیە، رۆژانە بە پاساوی جیا هاونیشتمانییان دەستگیر دەکەن."
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، هاونیشتمانییەک نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە لوبنانەوە گەڕاوەتەوە عەفرین و لە رێگەی دادوەرێکەوە توانیویەتی خانووەکەی وەربگرێتەوە، بەڵام دواتر "گرووپی چەکداریی سووڵتان موراد دەستگیریان کردووە و هێشتا ئازاد نەکراوە."
 
ئەو چالاکڤانە عەفرینییە کە ئێستا لە شەهبا دەژی، دەڵێت، هاونیشتمانییان دەیانەوێت بگەڕێنەوە عەفرین، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ئاستەنگیان بۆ دروست دەکەن.
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، ئێستا هەر هاونیشتمانییەک بیەوێت بگەڕێتەوە عەفرین، دەبێت 6 بۆ 10 هەزار دۆلار باج بداتە گرووپە چەکدارەکان، ئەگەرنا رێگەی نادرێت بچێتەوە زێدی خۆی.
 
بەرپرسی پێشووی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئاماژەی بەوەش کرد، لە پێش داگیرکردنی عەفرین ژمارەی کورد لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان 527 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 200 هەزار؛ گوتیشی، "پێش داگیرکردنی، زیاتر لە 100 هەزار کورد لەنێو شاری عەفرین دەژیان. ئێستا کەمتر لە 50 هەزار کورد ماون و ئەوانیش بەشێکیان لە زینداندان."
 
ئیبراهیم شێخۆ گوتیشی، "بەهۆی ئاستەنگ، گوشار و داواکردنی پارەوە کەمترین هاونیشتمانی دەگەڕێنەوە عەفرین و ئەوانەشی دەگەڕێنەوە زۆرینەیان لە عەفرینەوە دەچنە تورکیا و لەوێشەوە دەچنە وڵاتانی ئەورووپا."
 
سەرەتای 2018 سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین و دوای شەڕێکی دوو مانگە داگیریان کرد.
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە گوتی، "ئامانجی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتدار لە گوشارخستنەسەر هاونیشتمانیان لە عەفرین، گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە؛ بۆیە چەکی هەرە کاریگەر لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەدا گەڕانەوەی هاونیشتمانیانە بۆ زێدی خۆیان."