دوای بڕیاری پارێزگار هێشتا دەیان پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر بەردەوامن لە کار


رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە رێکاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا دەیان پاڵاوگە کە مۆڵەتی کارکردنیان نییە، بەردەوامن لە کارەکەیان.
 
پارێزگاری هەولێر بڕیاریداوە بۆ داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی، تاوەکو ئێستا داخستنی 25 پاڵاوگەیان لەلایەن دوو لیژنەی تایبەتەوە راگەیێندراوە، بەڵام نزیکەی 50 پارێزەر و ژینگەپارێز لە بەردەم سەرۆکایەتیی دادگەی هەولێر گردبوونەوە و رایانگەیاند، پاڵاوگەکان کاران و هێشتاش دووکەڵ و بۆنیان ئاسمانی پایتەختی داپۆشیوە.
 
سەردار هەرکی، پارێزەرە و دەڵێت، بێ ئەوەی هێچ رێکارێک بەرامبەر ئەو پاڵاوگانە بگرنەبەر، کارەکانیان دەکەن، کێشەکە هەر ئەوە نییە کە نایاسایین و مۆڵەتیان نییە، بەڵکو هیچ مەرجێکی ژینگەپارێزییان تێدا نییە. 
 
دەشڵێت، "ئەمە یەکەم هەنگاوە، هەنگاوی دووەم ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ هاوڕێیانم رێپێوان دەکەین بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران نەک پەرلەمان، سێیەم سەردانی بەغدا دەکەین و دەچینە ئەنجوومەنی وەزیران هەموو داتا و مەترسییەکان دەدەینە بەغدا با ئەوانیش بێنە سەر هێڵ."
 
ئاسۆ شکاکیش سەرۆکی رێکخراوێکی هۆشیارکردنەوەی ژینگەیە، باس لە مەترسییەکانی سەر ژینگەی هەولێر دەکات لە 10 ساڵی داهاتوودا.
 
پاڵاوگە نایاساییەکان، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل، موەلیدەکان کە مەرجی ژینگەییان نییە، هەروەها بەکارنەهێنانی وزەی خۆر مەترسی زیاتر لەسەر ژینگە دروست دەکەن. ئەوانە بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی مەترسیدار بەردەستن. 
 
ئاسۆ پێی گوتم، "تاوەکو 10 ساڵی دیکە ئەو رەوشە بەردەوام بێت، پێویستە دەمامک ببەستین و ژیانی هاووڵاتییان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە."
 
هەروەها گوتی، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو ئەو رێکارە یاساییانە بگرنەبەر کە لە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008 هاتوونە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو گرفتە ژینگەییانەی لەلایەن پاڵاوگە نایاساییەکان، ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەو موەلیدانەی مەرجی ژینگەییان تێدا نییە [چارەسەر بکەین]. هەروەها نەبوونی سیستمی وزەی خۆر، ئەوانە هەموویان هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. 
 
دووکەڵ، بۆنی ناخۆش و ناڕوونیی ئاسمانی هەولێر بۆ دانیشتووانی پایتەخت بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە.
 
سیروان مەولوود، فەرمانبەرە، دەڵێت: پێشتر لە سەربان دەخەوتین و ئەستێرەمان دەژمارد، کەچی ئێستا بەهۆی دووکەڵەوە ئاسمانمان لێ دیار نییە، هۆکارەکەشی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەن کە رۆژانە خەڵک تووشی شێرپەنجە دەکەن.
 
ئیسماعیل کەریمیش دانیشتووی هەولێرە و دووکاندارە، داوای ئەوەی هەبوو کە ئەو پاڵاوگە و کارگانەی نایاسایین و ژینگە پیس دەکەن، دابخرێن، چونکە سیمای شار تێک دەدەن، "یان ئەوەی فیلتەر دابنێن."
 
هەوڵەکان بۆ کەمکردن و کۆنترۆڵکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە کاتێکدایە بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی 2015 لە سنووری هەولێر 116 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی فەرمیی پاڵاوگە نایاساییەکان گەیشتووەتە 138 پاڵاوگە.