پارێزگاری نوێی کەرکووک: بەرکەوتەی پێکهاتەی تورکمان پارێزراوە

13-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای وەرگرتنی مەرسوومی سەرۆککۆماری عێراق؛ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کەرکووک دەکەینە مەڵبەندێكی نموونەیی بۆ پێکەوەژیان" و ئاماژە بەوەش دەکات، "بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمانیش پارێزراوە."
 
لە راگەیێندراوێکدا پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "ئەمڕۆ سێشەممە 13-08-2024 لە کۆشکی بەغدا مەرسوومی کۆماریم لە د. له‌تیف جەمال رەشید، سەرۆكکۆماری عێراق وەکو پارێزگاری نوێی کەرکووک وەرگرت."
 
رێبوار تەها دەڵێت، "کاری جیدی دەکەین لەپێناو پاراستن و پتەوکردنی پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم هاووڵاتیانی شاری کەرکووک و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەروەها جەخت دەکەینەوە کە کەرکووک دەکەینە مەڵبەندێكی نموونەیی بۆ پێکەوەژیان."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پارێزگاری نوێی کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە، "بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمان پارێزراوە و هەموو مافەکانی خۆیان وەردەگرن." باس لەوەش دەکات، "کاری داهاتوومان ئاوەدانی، بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و باشترکردنی بژێویی هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکووک دەبێت، بێ جیاوازی."
 
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".