سنووری قەزای ماوەت لە سلێمانی بۆردوومان کرا


رووداو دیجیتاڵ

سنووری گوندێکی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بۆردوومانەکە نزیک گوندەکە بووە.

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شوێنی بە ئامانجکراو یەک کیلۆمەتر لە گوندی 'باساوێ'وە دوورە.
 
قایمقامی قەزای ماوەت لە دەڤەری شارباژێر ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی جەنگی کراوە. گوتیشی، "زیانی گیانی نەبووە و هیچ ئاگرێکیشی لێ نەکەوتووەتەوە".
 
دیار نییە بۆردوومانەکە لە لایەن کام وڵاتەوە کراوە، بەڵام لە رابردوودا چەند جارێک تورکیا ئەو سنوورەی بۆردوومان کردووە.