تورکیا و پەکەکە ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 17 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. بەگوێرەی ئاماری هەپەگەش، مانگی رابردوو 56 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشێکی ئاسمانییان کردووە و لە ئەنجامدا 17 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن. 
 
رۆژی 4ـی ئابیش ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاماری شەڕ و پێکدادانی مانگی رابردووی ئەم ساڵی گەریلاکانی لەگەڵ هێزەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
هەپەگە رایگەیاند، لەو مانگەدا 205 جار هێرشیان کردووە و لە ئەنجامدا 56 سەرباز کوژراون و 46 سەربازی دیکەش بریندار بوون؛  11 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
 
هەپەگە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەو مانگەدا رایگەیاند، 520 جار بۆردوومان و تۆپبارانیان کردووە کە 345 جار بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن و 52 جاریش بە هێلیکۆپتەر بوون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ کە لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە پارێزگای دهۆک لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.