بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی: 4000 ساڵ پێش زایین خەڵک لە سلێمانی ژیاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 1000 شوێنەوار لە سنووری سلێمانی هەن، بەڵام تەنیا 30 پاسەوان بە مەبەستی پاراستنیان هەن. ‏بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی دەڵێت، لانیکەم پێویستیان بە نزیکەی 250 پاسەوانە. ئاماژە بەوەش دەکات، پارچە شوێنەوارە دۆزراوەکان ئەوە دەسەلمێنن، 4000 ساڵ پێش زایین خەڵک لە سلێمانی ژیاوە.
 
هاشم محەممەد، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی لە كاتی بەشداریکردنی لە ‏پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی) رادیۆی رووداو كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ ‏سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند، بەهۆی خانەنشینبوونیان ژمارەی ‏پاسەوانەكانیان ساڵ دوای ساڵ لەكەمبوونەوەدایە ‌و گوتی، "بۆ نزیكەی 1000 شوێنەوار نزیكەی 30پاسەوانمان هەیە، لە كاتێكدا لانیكەم ‏پێویستمان بە 250 پاسەوان هەیە."
 
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی باس لەوە دەكات، ‏مۆزەخانەی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق دوای مۆزەخانەی بەغدا گرنگترینە ‏‌و زۆرترین پارچە شوێنەواریشی تێدایە. گوتی، "لە مۆزەخانەی سلێمانی ‏نزیكەی 60 هەزار پارچە شوێنەوار هەیە."
 
 
هاشم محەممەد گوتیشی، بە گوێرەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە 4 هەزار ساڵ پێش زایین ژیان لە سلێمانییدا هەبووە ‌و گوتی، "لە ‏شوێنی بازاڕی كاسۆمۆڵی ئێستا، شوێنەوارمان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 4 هەزار ‏ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، واتە لەو کاتەدا خەڵك لە سلێمانی نیشتەجێ‌ بووە."
 
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی بە دووری زانی هەندێ‌ شوێنەوار بدزرێ و گوتی، "نەخشەی دەربەندی گاوەر لە ‏قەرەداخە و هەندێك بە هەڵە پێی دەڵێن پیكەری نەرامسین. هەفتەی رابردوو ‏هەواڵ بڵاوكرایەوە كە گوایە هەوڵی دزینی دراوە كە ئەوە دوورە لە ‏راستییەوە، چونكە شوێنەوارەکە بە شاخێكەوەیە نابردرێت. دەكرێت هەوڵی ‏شێواندنی بدرێت، بەڵام نابردرێت."
 
هاشم محەممەد باسی لەوەش كرد، هەندێ‌ كەس زانیاریی نادروست بڵاودەكەنەوە بێ ئەوەی زانیارییان هەبێت و رایگەیاند، "دوو ساڵ لەمەوبەر پێیان گوتین شاخێك لە سنووری گەرمیان هەیە  25 تۆن زێڕی تێدایە. ئێمەش چووینە شوێنەکە ‌و لێکۆڵینەوەمان کرد و 25 سەنتیشی تێدا نەبوو."