سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماریی بۆ پارێزگاری نوێی کەرکووک دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆمارى عێراق، مەرسوومى کۆماریی بۆ رێبوار تەها، وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک دەرکرد، بەمەش بە فەرمی بووە پارێزگاری کەرکووک.
 
رۆژی 13ـی ئابی 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆشکى بەغدا مەرسوومى کۆماریی رادەستى رێبوار تەها کرد بۆ ئەوەى بە فەرمى وەک پارێزگارى نوێى کەرکووک دەستبەکار بێت.
 
لە کۆوبونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە بەغدا لە 10ـی ئاب، رێبوار تەها لە پشکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وەک پارێزگار و محەممەد حافز وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژێردران.

 

 
رێبوار تەها، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، 29 هەزار و 861 دەنگى بەدەستهێنا و دووەم زۆرترین دەنگى سەر ئاستى پارێزگاکەى بوو.
 
ئەوە یەکەم جارە لەدواى هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە  16ـی ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە، پۆستى پارێزگارى کەرکووک دەدرێتەوە کورد. ئەو کات حکومەتی عێراق، راکان جبووریی بە وەکالەت کردە پارێزگاری کەرکووک.