وەزارەتی کارەبا ماستەرپلانی 10 ساڵ ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ماستەرپلانی 10 ساڵی کارەبا بۆ ساڵانی (2023-2032) ئامادە دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش تەرخانکردنی بودجە و کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە بە "گرنگ" دەزانێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوتوێی رەشنووسی ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ماوەی 10 ساڵ کرا، کە لەلایەن یاسین حەسەن، بەڕێوەبەری پلان و لێکۆڵینەوە و تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی وەزارەتەکەوە خرایەڕوو.
ماستەرپلانەکە بۆ یەکەمجارە لە لایەن ستافێکی ئەندازیاریی نێوخۆیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانەوە بۆ 10 ساڵ ئەبدەیت دەکرێتەوە کە شێوازی باشترکردنی سێکتەری کارەبا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بە هاوبەشانی خراوەتەڕوو.
ماستەرپلانەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و ژێرخان و پێداویستییەکانی دیکەی وزەی کارەبا، لە رەشنووسی ماستەرپلانەکە لیستی ئەو پڕۆژانەی کارەبا کە لە 10 ساڵدا پێویستە جێبەجێ بکرێن هەیە، لەوانە وێستگە و راکێشانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، گرفت و ئاستەنگ و پلان و رێگە چارەسەرەکانیشیان.
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم جار نییە لە هەرێمی کوردستان ماستەرپلانی کارەبا دابڕێژرێت و ئامادە بکرێت، پێشتر ماستەرپلانی ساڵی 2008 بۆ ساڵی 2020 هەبووە، ئەم ماستەرپلانەی ئێستا بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2032یە، ماوەی جارێک ساڵێک و دوو ساڵ و پێنج ساڵ دەبێت چاوی پێدابخشێندرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان: "ئومێد دەکەین ئەو ماستەرپلانەی هەمانە لەڕووی توانای تەکنیکی و بیرکردنەوەی وەزارەت بۆ ئایندەی کارەبا لەڕووی بەرهەمهێنان و تۆڕەکان و وێستگەکانی گۆڕین و تۆڕەکانی دابەشکردنەوە جێبەجێ بکرێت، ئەوەی لەسەر وەزارەتی کارەبا بێت و پێویست بکات پلانی هەبێت پلانی هەیە."
ماستەرپلانە 10 ساڵییەکەی کارەبا، بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەم لەساڵی 2023 بۆ 2026، قۆناخی دووەم لەساڵی 2026 تاوەکو 2030، قۆناخی سێیەمیش لە ساڵی 2023 بۆ 2032 دەبێت. بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: "ماستەرپلان پارە و بودجەی پێویستە لەگەڵ کات، ئومێد دەکەین بەپێی قۆناخەکان بودجەی پێویست هەبێت و وەکو خۆی بڕوات."
ماستەرپلانەکە سێ ئامانجی سەرەکیی دەبێت، وەکو گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا روونیدەکاتەوە: "کۆنتڕۆڵکردنی خواست، واتە بەکارهێنانی کارەبا بەشێوازە راست و دروستەکەی، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوبەشانی کارەبا، بەهێزکردنی تۆڕەکە بەشێوەیەک بتوانێت وزەی پێویست بۆ شار و شارۆچکە و وێستگەکان بەشێوەی هاوسەنگ و دڵنیایی و جێگیری بگوازێتەوە."
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاوات هەیە، ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.