بەرەی تورکمانی: لە دژی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خۆپێشاندان دەکەین

13-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، لەدژی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە حکومەتی خۆجێی تێیدا پێکهێندرا، رۆژی سێشەممە لە کەرکووک خۆپێشاندان دەکرێت.
 
محەمەد سەمعان، گوتەبێژی بەرەی تورکمانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی رووداوەکانی کۆبوونەوەی 10ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، رۆژی سێشەممە، خۆپێشاندانێکی گەورە لەبەردەم باڵەخانەی دیوانی پارێزگای کەرکووک دەکەین و ئەنجامی کۆبوونەوەکە رەتدەکەینەوە."
 
بەرەی تورکمانی کە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە دەڵێت، بۆ کۆبوونەوەکەی 10ی ئاب، کە لە هوتێل رەشیدی بەغدا کرا، بانگهێشت نەکرابوون.
 
بڕیارە خۆپێشاندانەکە کاژێر 6ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 13ـی ئاب بەڕێوەبچێت و بەرەی تورکمانی داوای بەشداریی خەڵک لە خۆپێشاندانەکە بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە دەکات.
 
بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
ئەو کۆبوونەوەیە ناڕەزایەتیی تورکمان، بەشێکی عەرەبەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە کە 7 کورسییان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، بەشێکیان لە دادگەی فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە سکاڵای یاسایی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە