کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی سەردەشت لە بانە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران گیانی لەدەستدا.
بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-08-2023) هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی ئەرسەلان رەسوولی کرد و گوللە بە سنگی کەوت و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەرسەلان رەسوولی خەڵکی نەڵاسی سەردەشت بوو و تەمەنی 29 ساڵ بوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەردەشتەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، شایەتحاڵان بە کەسوکار و ناسیاوی ئەو کۆڵبەرەیان گوتووە، هێزەکانی ئێران لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە ئەرسەلان رەسوولی کردووە.
لە یەک مانگی رابردوودا، لانیکەم پێنج کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون و یەکێکیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە گیانی لەدەستداوە. لەو ماوەیەدا برینداربوونی 20 کۆڵبەریش راگەیێندراوە کە زۆربەیان لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون.