رووداو دیجیتاڵ
لەدووریی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە نزیک گەڕەکی سەردەشتی سەنتەری ناحیەی دێرەلووک، گوللـە تۆپێک کەوتەخوارەوە. سەرچاوەیەکی فەرمیی ناحیەکە دەڵێ "ئەو گوللە تۆپە هی تورکیا نەبووە، بەڵکو هی گەریلاکانی پەکەکە بووە و لەوانەیە ئاراستەی خاڵێکی پێشمەرگە کرابێت."
بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی لە ناحیەی دێرەلووک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو "کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-8-2023) گوللـە تۆپێک لەنزیک گەڕەکی سەردەشتی بناری چیای مەتینا کەوتەخوارەوە و دوای لێکۆڵینەوەکانمان، دەرکەوت گوللـە تۆپەکە هی گەریلاکانی پەکەکە بووە نەوەک هی تورکیا."
سەبارەت بە زیانەکان، ئەو سەرچاوە فەرمییە کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی گوت "هیچ زیانى گیانى نەبووە، بەڵام جگەلەوەی ترس و دڵەڕاوکێی بو خەڵکى ناوچەکە دروستکردووە، بەهۆى ئەو تۆپەوە ئاگر لە بنارى چیای مەتینا کەوتووەتەوە، کە شوێنێکى گرنگ بوو بۆ بەخێوکردنى پەز و مەڕوماڵاتی خەڵکی ناوچەکە."
ئەمە لەکاتێکدایە خاڵێکی پێشمەرگە بە ناوی گرێى قائیدا لەنزیک سەنتەرى دێرەلووک هەیە.
ماوەی هەفتەیەکە رەوشی دەوروبەری ناوچەی دێرەلووک لە سنووری پارێزگای دهۆک نائارامە، کە جگە لەوەی فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا بەردەوام زنجیرە چیای مەتینا بۆردوومان دەکەن، دوێنێش 10 خولەک شەڕە تەقە لەنێوان پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە روویدا، کە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
هێشتا بەفەرمى گەریلاکانى پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ