650 ئۆتیزم لە سلێمانی بێ مووچەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنوری سلێمانی تەنیا 65 کەس کە ئۆتیزمیان هەیە مووچەیان بۆ بردراوەتەوە و وەریدەگرن 650ی دیکەشیان هیچ مووچەیەکیان نییە.  وەک کەسوکاریان دەڵین ژیانیان زۆر سەختە و ناتوانن پێویستییەکانیان دابینبکەن. 

بەشێکیان جگە لە پێویستی رۆژانە، دەرمانیشیان هەیە کە دەبێت رۆژانە بەکاریبهێنن بەشێکی دیکەشیان دەبێت لە رۆژێکدا زیاتر لە پێنج جۆر دەمان بەکاربهێنن کە وەک کەسوکاریان دەلێن هەر دەرمانێکیان نرخەکەی نزیکەی 20 هەزار دینارە. نەبوونی سەنتەری حکومی بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبکرێت، کێشەیەکی دیکەی ئەو خێزانانەیە کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

دیار نەوجەوانێکە لە سلێمانی، 17 ساڵە جووڵەی زۆر، هاوار و دەنگی بەرز، خۆ کۆنتڕۆڵنەکردن و سەرجەم نیشانەکانی دیکەی ئۆتیزمی هەیە. دایک و باوکی دەڵێن، بەهۆی دۆخی دیارەوە، ناتوانن بچنە هیچ جێگایەک و ژیانیان تەواو سەخت بووە.

دڵخواز حسێن، دایکی منداڵی ئۆتیزمە و بە رووداوی گوت: "دەرگای حەوشەی ئێمە هەمیشە داخراوە، چونکە هەر یەک چرکە دەرگا بکرێتەوە دیار دەچێتە دەرەوە و کەس نازانێت چی لێدێت، دەستکاری غاز ئەکات، دەستکاری چەقۆ و هەموو شتێکی مەترسیدار دەکات، ئەچێتە سەر کەوانتەر، غاز ئەکاتەوە، بۆیە هەمیشە دەبێت بەدوایەوە بین، بەس ئەو کاتە ئیسراحەت دەکەین کە بخەوێت، ئەویش بە دەرمان دەخەوێت".

سیروان تەها، باوکی دیارە، کرێکاری کارگەی قیری شارەوانی سلێمانییە، دەڵێت مووچەکەم تەنیا بەشی دەرمانەکانی دیار و پێویستییەکانی ئەو دەکات و بە رووداوی گوت: "ئەگەر من بمەوێت بیبەم بۆ سەنتەرە تایبەتەکان بۆ راهێنانکردن، دەبێت 600 بۆ 700 هەزار دینار بدەم، بێ کرێی هاتوچۆ، ئێ من خۆم مووچەکەم 500 هەزار دینارە، من دوو داواکاریم هەیە، یەکەمیان بۆ پەروەردەی سلێمانییە، دەمەوێت مامۆستایەکی پەروەردەی تایبەت دابین بکەن بۆ قوتابخانەکەی گوندەکەمان بۆ ئەوەی راهێنان بە منداڵەکەم بکات، چونکە لە رۆژێکدا ئەتوانین دوو بۆ سێ کاژێر ئێمە و دیاریش پشوو بدەین، دووەمیش هیوادارم هاوکاریم بکرێت بۆ دابینکردنی دەرمانەکانی دیار، چونکە دەرمانەکانی زۆر گرانن، ئەم دەرمانەی هەر یەکەی نرخی 10 بۆ 20 هەزار دینارە و دەبێت رۆژێ حەوت جۆر دەرمانی بدەینێ".

دۆخی دیار و ژمارەیەک ئۆتیزمی دیکە لەگەڵ بەڕێوبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی سلێمانی باس دەکەین، ئەو دەڵێت هەموو هەوڵێک دەدەین تا بەشێوەیەکی زۆر باش خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم بکەین.

بێستون جەبار بەڕێوبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئێستا تەنیا 65 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی سوودمەندی وەرگرتنی مووچەن، ئێمە سەرژمێرییەکی نوێ و پشکنینێکی نوێمان کردوە و بڕیارە بەم نزیکانە لە مانگی ئەیلول ناوی 650 کەسی ئۆتیزمی نوێ رابگەیێنین کە مووچەیان بۆ ببڕینەوە".

بڕیارە ژمارەی سەنتەرە حکومییەکانی ئۆتیزم زیاد بکرێت لە سنووری سەیدسادق و دەربەندیخان و چەمچەماڵیش سەنتەری ئۆتیزم بۆ خزمەتی منداڵان بێ بەرامبەر بکرێتەوە.