بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار مانگرتنیان راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی کۆلێژی تەکنیکی کەلار لە دژی گواستنەوەی کۆلێژەکەیان مانگرتنیان راگەیاند و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، رازی نابن بە گواستنەوەی راژەکانیان بۆ هیچ ناوچەیەکی دیکە. 
 
شەوی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، کەریم خەسرەو، بە نوێنەرایەتیی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی پەیمانگەی پۆلیتەکنیکی کەلار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار چەندین ساڵە خزمەت دەکەن و داوا لە کوڕانی مام جەلال دەکەین بەس بێت سووکایەتیکردن بە مامۆستایانی زانکۆ و بە ناوی ئێوەوە قسە بکرێت." 
 
راگەیێندراوی دەستەی ناڕازی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار دژ بە گواستنەوەی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ئەو شارەیە بۆ قەزای کفری. 
 
کەریم خەسرەو دەڵێت، "لە ئێستادا بڕیاروایە سەرۆکایەتیی زانکۆی تەکنیکی کەلار کە خەونی چەندین ساڵەی مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار بووە، بگوازرێتەوە شوێنی دیکە، ئەگەر بڕیاربێت مامۆستایان و فەرمانبەرانی بگوازنەوە بۆ شارێکی دیکە، ئێمە ئامادە نین راژەمان بگوازینەوە هیچ شار و ناوچەیەک." 
 
گوتەبێژی دەستەی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی کۆلێژی تەکنیکی کەلار گوتیشی، "لە ئەمشەوەوە مانگرتنی سەرتاسەری لە سەرجەم بەش و هۆبەکانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار رادەگەیێنین و ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک دەوام بکەین تاوەکو ئەم پرسە یەکلایی دەبێتەوە."