سەرۆک بارزانی لە پۆڵ بریمەر تووڕە دەبێت و پێی گوتووە 'من راوێژکاری کەس نابم'

پۆڵ بریمەر لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا. وێنە: (c) Jason P. Howe 2004

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەشی چوارەمی کتێبەکەیدا، (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) باسی رۆڵی کورد لە بەغدای پاش رووخانی رژێمی بەعس دەکات و دەڵێت، رۆژانە خەلیلزاد و گارنەر لە شوێنی مانەوەیان لە هۆتێل 'برج الحیاة' سەردانیان دەکردن و هانیان دەدان بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی کاتی، بەڵام لایەنە عێراقییەکان هیچ گرنگی و بایەخی بە داواکانیان نەدەدا. 
 
دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە 1483ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 22ی ئایاری 2003، ئەمریکا لە هێزێکی رزگارکەرەوە بووە "هێزێکی داگیرکەر"، حاکمێکی مەدەنیشی بە ناوی پۆڵ بریمەر بۆ عێراق دەستنشان کرد، لە جیاتی حکومەتی کاتی، دەسەڵاتێکی کاتی دامەزراند. 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی پۆڵ بریمەرەوە دەڵێت: "بریمەر هیچ شارەزاییەکی نەبوو، نە لە بارودۆخی کوردستان و نە لە بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی. دوای هاتنی بریمەر سیاسەتی ئەمریکیییەکانیش گۆڕانکاریی بەسەردا هات و لە هەموو ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامانە پاشگەزبووەوە کە پێشتر کرابوون، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە بوونە حاکمی سەربازی." 
 
یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ پۆڵ بریمەر
 
سەرۆک مەسعود بارزانی باسی یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ پۆڵ بریمەر دەکات و دەڵێت: "داوای کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، من بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش وەک حاکمی مەدەنی هاتووم، هەموو دەسەڵاتێکم هەیە، بەڵام داوا دەکەم لێژنەیەک لە سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان پێک بێت، وەک راوێژکار. هەرچەندە وشەی داگیرکەر، وشەیەکی ناخۆشە، بەڵام هەوڵ بدەن لەگەڵی رابێن و لەگەڵی بژین."
 
ئەو قسانەی پۆڵ بریمەر بەلای سەرۆک مەسعود بارزانیییەوە چاوەڕواننەکراو بوون و دەڵێت: "هەموومان سەیری یەکدیمان دەکرد، لە کوێ و لە چی، بۆ کوێ و بەچی گەیشتین!" 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "دوای قسەکانی بریمەر، من دەستم بە قسەکردن کرد و گوتم: بەخێربێی، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، من لە شوێنی خۆم و بە نوێنەرایەتیی خۆم قسە دەکەم، من راوێژکاری کەس نابم، من دەگەڕێمەوە هەولێر، ئەگەر جەنابیشت ئیش و کارێکت هەبوو، ئێمە لەوێین."
 
سەرۆک بارزانی لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا نوکتەیەکی سامی عەبدولڕەحمان دەگێڕێتەوە کە دوای گەڕانەوەیان بۆ هۆتێل کردوویەتی و گوتوویەتی: "ئەمریکا خۆی لە هێزێکی رزگارکەرەوە کردە هێزێکی داگیرکەر، وەک مرۆڤێک کە باوکی خۆی دەکوژێت، بۆ ئەوەی سوێند بە گۆڕەکەی بخوات."
 
دوای هاتنی بریمەر بۆ عێراق، هەر یەک لە گارنەر و خەلیلزاد و کۆڵۆنێل ناب و هەموو ستافی پێشووی لەکارلادان، کە سەرۆک مەسعود بارزانی بە کەسی ناسراو باسیان دەکات، بەڵام لە بارەی ستافەکەی بریمەرەوە دەڵێت: "نە بریمەر و نە ستافەکەی هیچ شارەزاییەکیان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە نەبوو، بارۆدۆخێکی زۆر ناخۆش هاتە ئاراوە، لە زۆر شوێن کێشە لە نێوان پێشمەرگە و ئەمریکییەکان روویدا، سەرەتا ئەمریکییەکان زۆر لەخۆبایی و لووتبەرز بوون، بەڵام کاتێک لە ناوەڕاست و باشوور تووشی کێشە و گیروگرفت بوون، ئەوکات قەدری پێشمەرگەیان زانی." 
 
پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی هەوڵەکانی پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم دەکات و دەڵێت: "دوای ئەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت شکستیان هێنا، هیچ جێگرەوەوە ئەلتەرناتیڤێکیان نەدۆزییەوە، داوایان لە پارتی و یەکێتی و شەخسی مام جەلال و من کرد بۆ ئەو مەبەستە (پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم) هاوکارییان بکەین."
 
لە کتێبەکەیدا سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات کە بریمەر پێداگیری زۆری کردووە، کە ئەویش (مەسعود بارزانی) بەشداری لە ئەنجوومەنی حوکم بکات، بەڵام رەتیکردووەتەوە، ئەوکات مام جەلالیش بە بریمەری راگەیاندووە، "ئەگەر مەسعود بارزانی بەشداری نەکات، ئەویش بەشداری ناکات، هەردووکمان نوێنەرمان دەنێرین، بەڵام دواتر لەسەر داوایەکی زۆری ئەمریکا و سەرکردایەتی و هێزە سیاسییەکان، قبووڵی کردووە." 
 
وەک سەرۆک مەسعود بارزانی باسی دەکات لە کاتی راگەیاندنی ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم، سەرەتا بریمەر زۆر بە تووندی دژی بەشداریکردنی حیزبی دەعوە بوو، ئیبراهیم جەعفەری پاڵێوراوی حیزبەکەی بوو، بەڵام لە ژێر گوشاری ئەو و مام جەلال (تەنانەت گەیشتە هەڕەشەی کشانەوە لە ئەنجوومەنی حوکم) بریمەر بە بەشداری جەعفەری رازی بوو، دواتر بوون بە نزیکترین دۆست و برادەر و ناوبەناو بۆ خواردنی (فسنجون) میواندری بریمەری دەکرد." خورشتی فسنجون، خواردنێکی ئێرانییە. رۆژی 13ی 7ی 2003 ئەنجوومەنی حوکم راگەیێندرا. 
 
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم 25 کەس بوون، لە ماوەی کاری ئەنجوومەنەکە نۆ کەس بوونە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، هەڵبژاردنی سەرۆکانی ئەنجوومەنەکە بەپێی پیتی ئەبجەدی بوو، یەکەم کەسیش کە بووە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئیبراهیم جەعفەری بوو.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "جەعفەری متمانەیەکی زۆری بەخۆی نەبوو، جارێکیان لێی پرسیم (ئایا تۆ و مام جەلال رازی دەبن؟) منیش لە وەڵامدا پێمڕاگەیاند: بەدڵنیاییەوە، لە شوێنی خۆم و مام جەلال پیرۆزباییت لێدەکەم و بە هەموو توانامانەوە هاوکاریت دەکەین."
 
دوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم و حکومەتی کاتی، رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2003 پۆڵ بریمەر سەردانی پیرمامی کرد، بارزانی دەڵێت، بریمەر چەند بڕیارێکی گرنگی واشنتنی پێ راگەیاندن، لەوانە رادەستکردنەوەی سەروەری وڵات بە حکومەتی کاتی، دانانی دەستوور و کردنی هەڵبژاردن. هەروەه رازیبوون بە فیدراڵی لەسەر بنەمای جیوگرافی – نەتەوەیی، لە کاتێکدا پێشتر پێداگیری لەسەر فیدراڵی لەسەر بنەمای پارێزگاکان دەکرد.
 
بارزانی دەڵێت: "باش بوو بریمەر لە دانیشتنەکەدا ناوی کوردستانی بەکاردەهێنا، چونکە پێشتر وشەی باکووری عێراقی بەکاردەهێنا."
 
"سەربازەکان بە قسەی پۆڵ بریمەریان نەدەکرد"
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە ناکۆکیی گەورە لە نێوان بریمەر و سوپای ئەمریکادا هەبوو، زۆرجار فەرماندە سەربازییەکان بە قسەی بریمەریان نەدەکرد، کە سەردانیان دەکردن گلەییان لە بریمەر دەکرد، بەڵام بریمەر هەمیشە ناکۆکییەکانی دەشاردەوە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژە بە رووداوێک دەکات، کە لە سەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی حوکم لەلایەن مام جەلالەوە روویداوە. بارزانی نووسیوویەتی: "بریمەر پێداگیرییەکی زۆری کرد بۆ کارێکی گرنگ سەردانی بەغدا بکەم، لە کاتی چوونمان بۆ بەغدا ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەکانمان بەجێمابوو، لە بەردەم ناوچەی سەوز سەربازە ئەمریکییەکان هەڵسوکەوتێکی نابەجێ و دوور لە رەوشتیان لەگەڵ کردبوون، چەکیشیان کردبوون. هەواڵمان بۆ بریمەر نارد کە گەیشتووین، لە وەڵامدا گوتی: شەو بەرنامەیەکی گرنگ هەیە و میوانێکی گەورە هەیە و دەچینە لای، منیش بیرم کردەوە دەبێت سەرۆک بوش بێت یان دیک چینی جێگری."
 
کاتێک سەرۆک بارزانی هەواڵی چەککردنی پێشمەرگەکانی بۆ دێت، داوا دەکات بە زووترین کات نووسینگەی بریمەر لە رووداوەکە ئاگادار بکەنەوە، بە زوویی پێشمەرگەکان بنێرنەوە، ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "دوای ماوەیەک عەلی خزێری، کە بە رەچەڵەک عێراقییە لەگەڵ ئەمریکییەکان کاری دەکرد، هاتە لامان و رایگەیاند، بریمەر چاوەڕێت دەکات و پێیگوتم کە سەرۆک بوش هاتووە و دەچینە لای، منیش بە عەلیم گوت: (پرسیار لە بریمەر بکە، کە ئایا ئاگاداری ئەم هەڵسوکەوتەی خاڵی پشکنینی سەربازیی ئەمریکییەکانە لەگەڵ پاسەوانەکانمان؟) دوای ماوەیەک گەڕایەوە و پێیگوتم: بریمەر دەڵێت کێشەیەکی سادەیە با زۆر گەورە نەکرێت و دواتر چارەسەری دەکەین.) دیار بوو سەربازە ئەمریکییەکان بە قسەی بریمەریان نەکردبوو، غرووریشی رێگەی نەدەدا بڵێت سەربازەکان بە قسەی ناکەن. بە عەلی خزەیرم گوت بە بریمەر بڵێت نایەم بۆ سەردانەکە... ئەگەر ئەمە لای ئێوە کێشەیەکی سادە بێت، لای من زۆر گەورەیە. چەککردنی پێشمەرگە لە کوشتنەکەی گەورەترە."
 
کاتێک فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بە رووداوەکە دەزانێت، وەک سەرۆک بارزانی باسی دەکات، فەرمانی بە دەیڤید پەترایۆس کردبوو بە زووترین کات چەکەکان بنێرنەوە بۆ کوردستان. ئەویش چەکەکانی بە هەلیکۆپتەرێک رەوانەی پیرمام کردەوە و زۆریش داوای لێبووردنی کرد. 
 
سەروپێیەکەی کۆڵن پاوڵ 
 
رۆژی 15ی ئەیلولی 2003 کۆڵن پاوڵ، کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد. سەرۆک مەسعود بارزانی باس لەوە دەکات، پاوڵ داوای کرد منیش سەردانی هەڵەبجە بکەم، بۆ ئەم مەبەستە پاتریۆس هەلیکۆپتەرێکی ئامادە کرد و بە هێلیکۆپتەر سەردانی هەڵەبجەیان کرد. 
 
سەبارەت بە سەردانەکە، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "هەستم کرد رووداوی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کاریگەرییەکی گەورەی لە پاوڵ کردبوو، دووپاتیکردەوە کە رێگە بە دووبارەبوونەوەی رووداوێکی لەو شێوەیە نادەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی باس لە نانی نیوەڕۆ دەکات و دەڵێت: "مام جەلال برادەرانی راسپاردبوو خواردنێکی باش و رێکوپێکی بۆ ئامادە بکەن. برادەرانیش پاچەیان بۆ ئامادە کردبوو، لە کاتی خواردندا پاوڵ هەر سەیری خواردنەکەی دەکرد، نەیدەزانی چییە و چۆن دەخورێت، وابزانم فەقیرە هیچی پێنەخورا، دوای رێورەسمەکە مام جەلال حەشری بە رێکخەرانی میواندارییەکە کرد لەسەر خواردنەکە."
 
نووسینی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات
 
لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی بە وردی باسی نووسینی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات و دەڵێت لەو بارەوە چەندین کۆبوونەوە کران، عەدنان پاچەچیش پرۆژەیەکی پێشکێش کردبوو، چەندین کۆبوونەوەش لەگەڵ بریمەر و گرینستۆک کران، "دیار بوو هەوڵ دەدرا لەسەر حیسابی مافەکانی گەلی کوردستان خەڵکانی ناوخۆ و دەرەوە رازی بکرێن، هەوڵی زۆریان دا پرۆژەکەی پاچەچی قبووڵ بکەین، بەڵام مومکین نەبوو پێی رازی بین، چونکە چەندین خاڵی سلبی و دژی مافەکانی کوردی تێدابوو."
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، دواتر لەگەڵ مام جەلال رێککەوتن پرۆژەیەک ئامادە بکەن، پیتەر گاڵبرێتیش هاوکارییەکی زۆری کردن، دواتر پرۆژەکە درایە د. رۆژ و رادەستی بریمەر کرا : "بە دکتۆر رۆژم راگەیاند کە بە بریمەر بڵێت ئەگەر شێوازی فیدراڵیی پارێزگاکان پەسند بکرێت، بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی دەکەین."
 
رۆژی 17ی شوباتی 2004 بریمەر و گرینستۆک سەردانی پیرمامیان کرد، بەڵام وەک سەرۆک بارزانی باسی دەکات، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکانیان نەیانتوانی لە پیرمام بنیشنەوە و لە هەولێر نیشتنەوە، دواتر بە ئۆتۆمبێل چوونەتە پیرمام، دوای گەیشتنیان بریمەر گوتوویەتی: "بە خوا ئەم عێراقە وڵاتێکی زۆر سەیرە، لە بەغدا بەهۆی تەپوتۆز و غوبارەوە یەک کاژێر دواکەوتین و هێلیکۆپتەرەکان توانای فڕینیان نەبوو، لێرەش بەهۆی بەفر و زریانەوە نەمانتوانی بنیشینەوە."
 
سەرۆک بارزانیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت: "بریمەر، وڵاتێک خوا وا دروستی کردبێت، بە تۆش یەک ناگرێتەوە." بریمەریش پێکەنی و هیچ وەڵامێکی نەبوو. 
 
رۆژی 29ی شوباتی 2004، لە ئەنجوومەنی حوکم رێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاساکە کرا و بڕیاردرا لە 3ی ئاداری 2004 یاساکە واژۆ بکرێت. بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەی کەربەلا لە 2ی ئادار کە 350 کەس گیانیان لەدەستدا، واژۆکردنی یاساکە بۆ 5ی ئادار دواخرا.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "رۆژی 5ی ئادار سەردانی ئەنجوومەنی حوکممان کرد، بەڵام تووشی موفاجەئەیەکی گەورە بووین. لایەنە ئیسلامییە شیعەکان و ئەحمەد چەلەبی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، دواتر جەعفەری بە ناوی لایەنە شیعەکان هات و هەموارکردنەوەی نوێی هێنابوو، بۆ ئەوەی لە یاساکەدا جێبەجێ بکرێت، پێداگیرییەکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی خاڵی (ج) لە مادەی 61ی یاساکە لابدرێت. منیش لە بنەڕەت و بە تەواوی رەتمکردەوە دەستکاری هیچ بڕگە و مادەیەکی یاساکە بکرێت، یان هەموار بکرێتەوە. 
 
لە خاڵی (ج)ی یاساکەدا هاتبوو: "ریفراندۆم سەرکەوتوو دەبێت و رەشنووسی دەستوور پەسند دەکرێت لەگەڵ پەسندکردنی زۆرینەی دەنگدەرانی عێراق و ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەدانی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتینەکەنەوە."
 
رۆژی 8ی ئاداری 2004 یاساکە پەسندکرا و لە یاساکەدا سیستمی فیدراڵی لەسەر بنەمای جیوگرافی – مێژووی پەسندکرا و فیدراڵیی پارێزگاکانیش رەتکرایەوە.  بارزانی دەڵێت: "کارێکی ئاستەم بوو، ئەمریکا و بریمەر جگە لە فیدراڵیی پارێزگاکان بە بابەتێکی دیکە رازی ببن." 
 
ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە ئەنجوومەنی حوکم
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، مانگی نیسانی 2004 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی حوکمی بۆ ماوەی مانگێک وەرگرت، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات بە دوو مەرج: یەکەمیان پاسەوانەکانی بارەگای ئەنجوومەنی حوکم پاسەوانی خۆی بن، نەک کۆمپانیای سیکۆریتی. دووەمیش، هەر بڕیارێک ئەنجوومەنی حوکم واژۆ بکات، بریمەر رەتی نەکاتەوە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "لە ماوەی سەرۆکایەتیم لە ئەنجوومەنی حوکم، بریمەر ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کردم و هاوکار و یارمەتیدەرێکی باش بوو لەگەڵم."  
 
سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات جارێکیان لە محی خەتیب، سکرتێری ئەنجوومەنی حوکمی پرسیوە، سەرۆکەکانی پێشوو چەند بڕیاریان واژۆ کردووە، گوتی، 113 بڕیاریان واژۆ کردووە، بەڵام بریمەر 97 بڕیاری پێشێل کردووە.  
 
حکومەتی ئینتیقالی
 
لە بەشی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان) سەرۆک مەسعود بارزانی باس لە پێکهێنانی حکومەتی ئینتیقالی دەکات، کە لە 25 وەزارەت و 4 وەزیری دەوڵەت پێکهاتبوو، ئەیاد عەللاوی سەرۆکی حکومەت و بەرهەم ساڵحیش جێگری بوو.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکهاتەی وەزاری، بارەگاکەیان لە بەغدا کەوتە بەر هێرشێکی مووشەکی، بەوهۆیەوە پێشمەرگەیەکیان شە‌هید بووە.
 
ئەوەی بەلای سەرۆک بارزانییەوە جێی سەرنج بووە ئەوە بووە کە نێچیرڤان بارزانی بە بروسکە ئاگاداری کردووەتەوە، مەحموود گەرگەری لە سووریا هەواڵی ناردووە، کە لەلایەن بەرپرسێکی سوورییەوە ئاگادار کراوین کە ئاگامان لە خۆمان بێت، چونکە بارەگاکەمان لە بەغدا بە چڕی بۆردوومان دەکرێت.
 
بڕیاری 1546ی ئەنجوومەنی ئاسایش
 
دوای پێکهێنانی حکومەتی ئیتتقالی، ئەنجوومەنی ئاسایش لە رۆژی 8ی حوزەیرانی 2004 بڕیاری ژمارە 1546ی دەرکرد. سەرۆک بارزانی دەڵێت، بەر لە دەرکردنی بڕیارەکە لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا و لایەنە عێراقییەکان لەسەر هێڵ بوون کە پێویستە لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژە بە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکرێت، بەڵام عەلی سیستانی هەڕەشەی لە ئەمریکا کردبوو کە نابێت لە بڕیارەکەدا ئاماژە بە یاساکە بدرێت. 
 
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە هیچ شێوەیەک باس لە یاساکە نەکرا. سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "بەداخەوە دیارە ئەو کەس و لایەنەی کێشە بۆ ئەمریکا دروست نەکات، حیسابی بۆ ناکرێت."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی باس لە پەیامێکی بریمەر دەکات کە بە د. رۆژدا ناردبووی و دەڵێت: "لەسەر پەیامی بارزانی پەیوەندیم بە سەرۆک بووشەوە کرد، ئەمریکا پابەندە بەو بەڵێنانەی بە کورد دراون، ئەمریکا کورد بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و لە ناو کوردیشدا ئێمە مەسعود بارزانی بە هاوپەیمانی پلە یەکی خۆمان دەزانین."
 
بریمەر پێشمەرگەی بە 'میلیشیا' دەزانی
 
وەک بارزانی باسی دەکات، بریمەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بیری لەوە دەکردەوە کە هەرچی هێزی چەکدارە نەمێنێت. بریمەر داوای لە سەرۆک بارزانی کردبوو کە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی پێشمەرگە بکەن و کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "لەو ماوەیەدا لە بەغدا بووم و پێم راگەیاند، فەرموو کەی پێویست بێت با کۆببینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بریمەر گوتی: لە عێراقی نوێدا جێی میلیشیاکان نابێتەوە و نابێت هیچ هێزێکی چەکداریی نایاسایی هەبێت. منیش گوتم بڕیارێکی بەجێیە. ئەویش گوتی: پێویستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەربکرێت، چونکە سوپای مەهدی و بەدر رایانگەیاندووە لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی پێشمەرگە، ئێمەش هێزەکانمان هەڵناوەشێنینەوە."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە وەڵامی بریمەردا دەڵێت: "پێشمەرگە میلیشیا نییە... سوپای مەهدی و بەدر بە بڕیارێک دامەزراون و بە بڕیارێکیش هەڵدەوەشێنەوە. ئەوە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، هەڵدەوەشێنەوە یان نە، بەڵام هۆی پێکەوەبەستنی چارەنووسی پێشمەرگە بەو چەکدارانە چییە. پێشمەرگە بە خوێن و فرمێسکی گەلەکەمان دروست بووە، نەک بە بڕیاری من، یان کەسێکی تر، بۆیە پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە."
 
وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت بریمەر تا راددەیەک بە تووڕەیی گوتی: "نازانم، بەڵام جێی ملیشیاکان لە عێراقی نوێدا نابێتەوە و پێویستە هەموویان هەڵوەشێنەوە." بارزانیش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: "پێشمەرگە هەڵناوەشێتەوە و کەس توانای هەڵوەشاندنەوەی نییە." بریمەر دەڵێت: "کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات". بارزانیش لە وەڵامدا دەڵێت: "ئارەزووی خۆتە، تەواو، تەواو."
 
ماڵئاوایی بریمەر
 
دوای دەرچوونی بڕیاری 1546ی ئەنجوومەنی ئاسایش و پێکهێنانی حکومەتی ئینتیقالیی عێراق، ئەرکی بریمەریش وەکو حاکمی مەدەنی لە عێراق کۆتایی هات، بەر لەوەی عێراق جێبهێڵێت رۆژی 22ی 6ی 2004 بە مەبەستی خواحافیزی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "پێکەوە سەردانی بێخاڵمان کرد و ناوچەکەم نیشان دا، لە کاتی تێپەڕبوونمان بە گەلی عەلی بەگ پێمگوت؛ بریمەر ئەگەر پێشمەرگە نەبوونایە 10 تیرۆریست لە ناو عەلی بەگ بن و رێگە بگرن، هەموو بارودۆخەکە تێکدەچێت و دەشێوێندرێت. لە وەڵامدا گوتی، دۆستەکەم، کۆتایی بەو بابەتە هات."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، بریمەر سەرەتا هیچ شارەزایی نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک و تێکەڵبوون و شارەزابوون و تێگەیشتن لە بارودۆخ و ناوچەکە، گۆڕانێکی زۆر بەسەر تێڕوانینەکانیدا هات، بەڵام "زۆر درەنگ بوو."