پێشەوا هەورامانی: سێشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

13-08-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ   
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاراکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە 13-08-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێشەممە 15-08-2023 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.
 
پێشەوا هەورامانی گوتی: رۆژی یەکشەممەی داهاتووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکەن، کە نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و شارەزایانی نەوت و گازیشیان لەگەڵ دەبێت.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێیندراوی هاوبەشی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 5ـی ئابی 2023ـی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی عێراق لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە چوارچێوەی چاکسازییە یاساییەکان کە لە کارنامەی حکومەت و بەدیاریکراوی لە بڕگەی 23دا هاتووە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بە پشتبەستن بە رێنمایی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە و بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییە، رۆژی 5ـی ئابی 2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکوەزیران (وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوت) و شاندی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، کۆبوونەوەیەک کرا."
 
لە کۆبوونەوەکە چەند راسپاردەیەک دەرکران لەوانە:
 
1- پێکهێنانی لیژنەکانی بەدواداچوونی ئەو بابەتە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر.
 
2- کاخەزێکی تایبەتی کارکردن لە رێگەی ئەو لیژنانەوە لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئامادەبکرێت لە رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکانی پێشوو کراون بە مەبەستی تاوتوێکردنیان لە رێگەی ئەو لیژنانە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت  و گاز.
 
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسندنەکران. 
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوت بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـی حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق بکات. عێراق ئەو نەوتە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکاردەهێنێت، ئەوە جگە لە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و وردبینیکردنى خەرجی و داهات لەلایەن لیژنەى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق.
 
3ى ئابى 2023 ، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز نارد. بەڵام تاوەکو ئێستا، هەموو بڕگە و خاڵەکانی وەکو خۆی جێبەجێ نەکراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".