ئەو پیاوەی 19 کەس لە تەنیشتییەوە لە گوندی کۆچۆ کوژران: کۆمەڵکوژییەکە زەحمەتترین شت نەبوو

رووداو دیجیتاڵ

کچێ عەمۆ، یەکێکە لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆ، کە لەکاتی ئەو کۆمەڵکوژییەی داعش لە گوندەکەیاندا کردی، ئەو لەگەڵ 19 کەسی دیکە بوو و لەنێو تەرمەکان مایەوە، دواتر خۆی رزگار کرد.
 
ئەو رزگاربووەی کۆمەڵکوژییەکە باسی ئەوە دەکات، دوای نۆ ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، هەرکاتێک بەبیری دێتەوە زۆر دڵتەنگ دەبێت، دەڵێ "بەڕاستی رووداوێکی زەحمەت بوو، ئەوەی قورس بوو نەک تەنیا کوشتن بوو، بەڵکو ئەوەبوو تۆ بکوژن و ژن و منداڵەکانیشت ببەن."
 
رۆژی یەکشەممە (13-8-2023) لە کەمپی روانگە رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی گوندی کۆچۆ و کۆمەڵگەی گرعوزێر و سیبا شێخ خدر بەڕێوەچوو.
 
شەمۆ سەرحان، شاهێدحاڵێکی کۆمەڵکوژیی کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرە، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "من، خەڵکی سیبا شێخ خدرم. من لەوێ بووم، کاتێک چوار ئۆتۆمبێل هاتن و تەقانەوە. زۆر کەس شەهید بوون، زۆریش بریندار بوون، بەهانایانەوە چووین و خەڵکمان گواستەوە نەخۆشخانەی شنگال، هەندێکیشمان بردنە دهۆک، زۆر رەوشێکی سەخت بوو، کۆمەڵکوژی بوو."
 
لە 14ـی ئابی 2007 لەلایەن گرووپی ئەلقاعیدەوە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە کۆمەڵگەکانی سیبا شێخ خدر و گرعوزێر تەقێنرانەوە، لە ئەنجامدا 314 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 1000 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
دوای حەوت ساڵ لە کۆمەڵکوژیی یەکەم و لە 15ـی ئابی 2014، چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژییان لە گوندی کۆچۆی باشووری شنگال ئەنجامدا، لەئاکامدا 400 کەسیان گوللەباران کرد و 850 کەسی دیکەشیان رفاند.