شارەوانیی هەولێر: تاپۆ رانەگیراوە و رێگەنادرێت هیچ کەسێک دووجار سوودمەند بێت

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک دەڵێت، ساڵی 2014 زەوییەکی وەرگرتووە و ئێستا شارەوانی گوتوویانە تاپۆی راگیراوە، بە پاساوی ئەوەی ساڵی 2001 خانوویەکی وەرگرتووە. گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، تاپۆ رانەگیراوە و رێگە بە دووجار سوودمەندبوون نادرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، هاونیشتمانییەک بەناوی حەسەن قادر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من، ساڵی 2001 بە بڕیاری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی خانوویەکم وەرگرت، چونکە برایەکم شەهیدی سەنگەرە؛ ساڵی 2014ـش زەوییەکم لە باخەمرەی شەهاب وەرگرت، بەڵام ئێستا بۆم تاپۆ ناکرێت و دەڵێن، تاپۆکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، چووە زەوییەکەی تاپۆ بکات و پێیان گوتووە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاپۆکردن راگیراوە و ناتوانێت زەوییەکە تاپۆ بکات؛ دەشڵێت، "گوتیان، تۆ پێشتریش خانووت وەرگرتووە، بەڵام ئەو خانووە جیایە و بە بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی وەرمگرتووە."
 
لەمبارەیەوە سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاپۆکردنی هیچ زەوییەک رانەگیراوە و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نابێت زەوی کارت بمێنێت و دەبێت هەمووی ببێتە تاپۆ؛ کێشەی ئەو هاووڵاتییە ئەوەیە؛ پێشتر سوودمەند بووە و رێگە نادرێت جاری دووەم سوودمەند بێت."
 
سیامەند کەریم گوتیشی، رووداوی هاوشێوە هەبوون و زەوییان پێنەدراوە، چونکە ناویان لە کۆمپیوتەردا هەبووە کە پێشتر سوودمەند بوون، گوتی، "بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نابێت هیچ کەسێک دووجار سوودمەند بێت. هۆکاری تاپۆنەکردنی زەوی ئەو هاووڵاتییەش وەکو خۆشی گوتوویەتی؛ دوو جار سوودمەندبوونە."