رووداوی نەخۆشکەوتنی مام جەلال لە زاری سەرۆک بارزانییەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا، (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) باسی نەخۆشکەوتنی مام جەلال دەکات، بەڵام بەر لەوە باسی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دەکات و دەڵێت: "هەموو بەشداربووان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە مالیکی هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و هیچ بایەخ و گرنگی بۆ دەستوور و رێککەوتننامەکان نەهێشتووەتەوە و بە ئارەزووی خۆی حوکمڕانی دەکات، مام جەلال لە هەموویان زیاتر لێی بێزار و بە دەستییەوە ماندوو بوو، هەموویان هاوڕا بوون کە پێویستە رێگەی لێ بگیرێت."
 
بارزانی باس لەوە دەکات هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە 19ی تشرینی دووەمی 2012 بووە، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی یەكێتی و پارتی کرا و، مام جەلال بە بەرچاوی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتییەوە گوتی: "من بڕیاری کۆتایی خۆمم داوە، مومکین نییە جارێکی تر هاوپەیمانییەتی خۆم لەگەڵ پارتی و بارزانی بە هیچ شتێک بگۆڕمەوە، ئەگەر پێچەوانەی ئەمە هەڵسوکەوت و رەفتارتان کرد، من دێم لەلای مەسعود بارزانی دادەنیشم و وازهێنان و دەست لە کارکێشانەوەی خۆم دەنووسم."
 
شەوی 17 لەسەر 18ی کانوونی یەکەمی 2012 مالیکی سەردانی مام جەلالی کرد، دوای رۆیشتنی مالیکی، مام جەلال تووشی جەڵتەی مێشک بوو.
 
بارزانی دەڵێت: "رۆژی 18ی کانوونی یەکەم نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردم و رایگەیاند کە تەندروستیی مام جەلال بە تەواوی تێکچووە و جێگەی مەترسییە، منیش پێمڕاگەیاند پەیوەندیی بە هەموو لایەنەکانەوە بکات و هەرچی پێویست بێت، جێبەجێی بکەن."
 
رۆژی 20ی کانوونی یەکەم مام جەلال بۆ چارەسەر گواسترایەوە ئەڵمانیا. بارزانی دەڵێت: "دوای پشکنینەکان، دکتۆرەکان هیوایەکی زۆریان بە مانەوەی نەمابوو و هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەریان پێنەداین و گەشبین نەبوون، مومکین نییە وەکو پێشووی لێ بێتەوە. یان لە هۆشخۆی دەچێت یان توانای قسەکردنی نامێنێت."
 
دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، رۆژی 25ـی کانوونی یەکەم شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی کرد. بارزانی دەڵێت: "بەڵام نەبوونی مام جەلال زۆر بە یەکێتییەوە دیار بوو... پێمگوتن گرنگ ئەوەیە کە یەکێتی نێو یەکێتی بپارێزن و رێگە نەدەن درز بکەوێتە نێوانتانەوە، دیار بوو هێرۆخان و ماڵی مام جەلال زۆر زۆر لە بەرهەم ساڵح دڵگران و عاجز بوون، چونکە وەک بڵاوکرایەوە کاتێک مام جەلال لە نەخۆشخانە بووە لە بەغدا، گوایە بەرهەم خۆی ئامادە کردووە گوایە لە جێی مام جەلال بووە، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردبووە سەریان."
 
دوای گەڕانەوەی هێرۆخان لە بەرلین، بارزانی جارێکی دیکە لە 11ی کانوونی دووەمی 2013 سەردانی سلێمانی کردووە، سەرەتا لەگەڵ هێرۆخان و هەردوو کوڕەکەی کۆبووەتەوە. دواتر لەگەڵ یەكێتی کۆبووەتەوە و لەوێ بڕیار دراوە ژوورێکی عەمەلیات پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو گۆڕانکاری و پێشهاتەکان."
 
هەروەها دەڵێت خۆی قسەی لەگەڵ دڵشادی برای کرد و رایسپارد بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بۆ مام جەلال جێبەجێی بکات.
 
سەرۆک بارزانی هەر لە بارەی نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە دەڵێت: "بەلای منەوە زۆر سەیر بوو، هێرۆخان و هەردوو کوڕەکەی، مام جەلالیان لە نەخۆشخانە بەجێهێشتبوو و گەڕابوونەوە کوردستان و بە تەمای ئەو کەسانەیان جێهێشتبوو کە کاتی خۆی خزمەتی مام جەلالیان دەکرد. بە راستی ئەوان بە وەفا و بە ئەمەک بوون بۆی."
 
هەروەها سەرۆک بارزانی باسی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال دەکات و دەڵێت: "زۆر بە داخەوە بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی، نە یەکێتی ناو یەکێتیان پاراست و نە بەردەوامبوون لەسەر هاوکاری و کارکردن لەگەڵ پارتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی، کەشوهەوایەکی نالەبار هاتە ئاراوە و بەسەر چەند باڵێکدا دابەش بوون، دژایەتیکردنی پارتی بووە پێوەری دڵسۆزی بۆ یەكێتی، ئەو هاوئاهەنگییەی سەردەمی مام جەلال نەما و زۆر لاواز بوو."
 
سەرۆک بارزانی رەخنە لە هەڵسوکەوتنی یەكێتی بەرامبەر مام جەلال دەگرێت و دەڵێت: "خاڵێکی تر کە بەلای منەوە نەگونجاو بوو، هەڵسوکەوت و رەفتاری ماڵی مام جەلال بوو، چ لە جێهێشتنی بە تەمای کەسانی تر و چ لە کاتی هێنانەوەی بۆ سلێمانی، هەموو کەس دەیزانی کە مام جەلال هێز و توانای جوڵەی نەماوە و قسە ناکات، زۆرجار بە ناوی مام جەلالەوە بەیاننامە بڵاودەکرایەوە، یان لەسەر کورسییەک دایاندەنا و دوور لە رەوشت ئیستغلال دەکرا. بە راستی نەدەبوو مام جەلال بەو شێوەیە بەکاربهێندرێت و فێڵیان لە خۆیان دەکرد و بەنیاز بوون قەناعەت و بڕوا بە خەڵکیش بهێنن."
 
ئەو کاتەی مام جەلال هێنرایەوە سلێمانی، سەرۆک بارزانی سەردانی کرد، بارزانی دەڵێت: "دیار بوو دەیناسینەوە، بەڵام نە جوڵەی هەبوو، نە قسەشی پێ دەکرا، بە راستی زۆر بۆی دڵگران و عاجز بووم."