گوتەبێژی پارتی: ناکۆکییەکانمان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر دەکەین

13-08-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامانجی سەردانی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ بەغدا رووندەکاتەوە و لەبارەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکانماندا ئەو ناکۆکییانە چارەسەر دەکەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ماوەیەک بوو دەمانویست پێداچوونەوە بەو بابەتانەدا بکەین کە لەگەڵ هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەریان رێککەوتووین، ئێمە رێککەوتنێکی سیاسی و ئیداریمان لەگەڵیان هەیە، دەمانویست بزانین ئەو رێککەوتنانەمان بەکوێ گەیشتوون".
 
مەحموود محەممەد دەڵێت "بۆ بەدواداچوونی ئەوەی کە رێککەوتنەکان چەندی جێبەجێکراون و ئەوانەش کە جێبەجێ نەکراون، هۆکارەکانی چی بوون؟ شاندەکەمان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنەکانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوە، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیش پەیوەستبوو بە ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا جێگیرکراوە". 
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی لە بەغدا  لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو. شاندەکە لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و چەندین لایەن و کەسایەتی سیاسیی عێراق کۆبوونەوە.
 
هەر ئەو رۆژە، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: "پرسەکانی بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مادەی 140 و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و چەندین بابەتی دیکە، کە پێشتر رێککەوتنی سیاسییان لەسەر کرابوو و وەکو پێویست جێبەجێ نەکراون، تەوەری کۆبوونەوەکەمان بوون".
 
مەحموود محەممەد لەبارەی هەڵوێستی لایەنە شیعەکان سەبارەت بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق گوتی "لەنێویاندا رای جیاواز هەیە، هەندێک لایەن رەنگە خۆ بدزنەوە و بڵێن پێمان ناخۆشبووە دۆخەکە بەمشێوەیە بووە و پەرلەمانتارەکان بەقسەیان نەکردووین و خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکەیان بدزنەوە، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بیەوێت ئەو هاوپەیمانێتییەی هەیە؛ بمێنێت، دەبێت پابەندییەکانی بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات".
 
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
 
لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک درا بۆ کارکرانەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هاوکات رۆژی 22ـی ئایار کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ئەنجامدرا، کە پارتی و بەشێکی پێکهاتەکان گوتیان بە دەنگی زۆرینە کۆمیسیۆن کارا کرایەوە و یەکێتی و بەشێکی لایەنەکانی دیکەش رەتیان کردەوە.
 
بەڵام ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بووە هۆی ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانێت راستەوخۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و بەرپرسیاریەتییەکە خرایە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمسیۆن داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەدوای 18-02-2024 رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.
 
رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
گوتەبێژی پارتی لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "تاوەکو ئێستا ئەو بەرنامەیە نەکەوتووەتە کار و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش وادەیەکی رانەگەیاندووە بۆ  پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان".
 
دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتی و پارتی، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکان. یەکێتی و چەند لایەنی سیاسی دیکە داوایان دەکرد هەڵبژاردن بە چوار بازنە بەڕێوەبچێت و کار بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
 
تاوەکو ئێستاش ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامە، مەحموود محەممەد باس لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە و دەڵێت؛ "دەبێت لە کۆبوونەوەکانماندا ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکەشمان بۆ ئەو مەبەستە دەبێت".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."