سەعدی پیرە: کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوامن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دەبێت ئەو بۆشاییە دەستوورییەی هەیە کۆتایی پێبێت، هاوکات لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی پێیوایە، "گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە، ئێستا پەیوەندیمان بەردەوامە و گفتوگۆ هەیە." 
 
رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆی فەرمی و چڕ چارەسەر بکرێن و لە ژوورە داخراوەکان باسی هەموو ئەو بابەتانە بکەن کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان." 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "ئێستا ئێمە هەڕەشەکانمان لەبیر کردووە و خەریکی دژایەتیکردنی یەکترین، دەبێت بەرپرسانی هەردوولامان گوێ لەو قسانە نەگرن و خەریکی گفتوگۆکردن بن بۆ چارەسەری کێشەکان." 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، "گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نییە" و دەڵێت؛ "یەکێک لەخۆیەوە قسە دەکات، مەرج نییە قسەکانی بۆچوونی هەموو پارتی بێت، ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی بەردەوامە و گفتوگۆ هەیە." 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "هەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگە و دەبێت ئەو بۆشاییە دەستوورییەی هەیە کۆتایی پێبێت." 
 
رۆژی 3ـی ئابی 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.