کوردستان
کۆمەڵێک گەشتیار لە هاوینەهەواری بێخاڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر لە مانگی شەشی ئەمساڵ، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ـی حوزەیران، زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە دەڵێت، ژمارەکە پێوانەییە و هیچ ساڵێک بەو جۆرە نەبووە.
رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ـی حوزەیران، زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون؛ زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون."
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە؛ گوتیشی، "شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو 3 ملیۆن و 112 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، بەڵام شەش مانگی ئەمساڵ ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 4 ملیۆن و 500 هەزار."
ئەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ گەشتیاری، زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن؛ بەشێکیشیان لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان؛ بەشێکیش لە گەشتیاران، گەشتیاری نێوخۆیین، ئەوانەی لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و زیاتر لە 24 کاژێر دەمێننەوە. گەشتوگوزار وشەی "سەردانیکار" بۆ ئەوان بەکاردەهێنێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد، هەوڵی زۆریان داوە بۆ هێنانی زیاتری گەشتیار و گوتی، "لە کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، هەمیشە هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەمان داوە کە لە رابردوودا لەمپەر بوون بۆ هاتنی گەشتیاران؛ بۆ گەشتیاری بیانیمان روونکردووەتەوە کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەمان تێڕوانینی عێراقیان بۆ هەرێمی کوردستانیش نەبێت".
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی، باشتربوونی دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق هۆکار بووە کە خەڵکەکەی دۆخیان باشتر بێت و گەشتی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان ئاسانکارییان بۆ گەشتیاران کردووە؛ بۆ گەشتیارانی دەرەوەی وڵاتیش لە شوباتی ئەمساڵەوە ڤیزەیان کردووە بە ئەلیکترۆنی.
زۆرجار گەشتیاران گلەیی لە بەرزیی نرخی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، لە هەموو جیهان لە وەرزی گەشتیارییدا نرخ جیایە لە وەرزی ئاسایی، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ بەرز بکەنەوە؛ گوتیشی، "خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان هەمیشە دەڵێن باجی زۆریان لەسەرە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەریان بۆ ئەوەی ئەوانیش نرخ کەم بکەنەوە؛ لە رابردووشدا بەهۆی بەرزیی نرخەوە لیژنەکانمان چەندین شوێنیان داخستووە."
وەرزی هاوین لە هەرێمی کوردستان وەرزی گەشتیارییە و زۆرترین گەشتیار لەم وەرزەدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ