لە سلێمانی کارگەیەک رۆژانە زیاتر لە 15 تۆن پلاستیک ریسایکلین دەکات

13-08-2022
هۆرڤان رەفعەت
لە سلێمانی کارگەیەک رۆژانە زیاتر لە 15 تۆن پلاستیک ریسایکلین دەکات
لە سلێمانی کارگەیەک رۆژانە زیاتر لە 15 تۆن پلاستیک ریسایکلین دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکانی سلێمانی دەبە و پلاستیک کۆدەکاتەوە و دەیباتە کارگەیەکی ریسایکلین و دەیفرۆشێت. دەیان جۆر پلاستیکی جیاوازی تێدایە کە فڕێدرابوون، بەڵام بۆ ئەو بووەتە سەرچاوەیەکی داهات.
 
حاجی جەبار، زیاتر لە 15 ساڵە کارگەی تواندنەوە و شۆردنەوەی ماددە پلاستییکەکانی هەیە. رۆژانە دوو بۆ سێ تۆن ماددەی پلاستیکی وەردەگرێت و دەیانتوێنێتەوە.
 
جەبار عوزێر، خاوەنی کارگەکە گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی هەموو جۆرە پلاستیکەکان وەردەگرین و دەبەی ئاو و دەبەی خواردنەوە و بابەتەکانی دیکەش وەردەگرین، دەیانشۆشینەوە، ئێمە هەموو جۆرەکانی عەلاگە ورد دەکەین و دەیانکەین بە ماددەی گرانۆڵ و ئەویش دەدەینەوە کارگەکانی دروستکردنی بۆریی پلاستیک، هەروەها دەبەی ئاوەکان کەپس دەکەین و دەینێرین بۆ تورکیا و ئێران و هەولێر".
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی ئەو کارگە ریسایکلینانەوە، قەبارەی هاوردەکردنی ماددە پلاستیکییە خامەکان بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی 30٪ کەمیکردووە.
 
هەرچەندە دەبەی ئاو و خواردنەوەکان زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە بە بەراورد بە ماددە پلاستیکییەکانی دیکە، بەڵام زۆرینەی کارگەکان دەبەی ئاو وەرناگرن، ئەمە وایکردووە زۆرترین قەبارەی پیسکردنی ژینگەیان هەبێت.
 
د. ئومید قادر، پسپۆڕی کیمیایی دەڵێت: "دەبێت یاسایەک دەربچێت کە بیسەپێنێت لەسەر هەموو کۆمپانیاکان کە 50٪ـی ئەو ماددە پلاستیکییانەی بەرهەمی دەهێنن، ریسایکلینی بکەنەوە، چونکە ئەگەر چارەسەر نەکرێت و هەر بکرێت بە ژێر گڵەوە، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا تووشی کارەساتی گەورە دەبین، کارەساتەکە بەجۆرێکە کە خەڵکی تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی دەبن بەبێ ئەوەی بزانن بۆ تووش بوون، لەکاتێکدا سەرچاوەکەی ئەو ماددانەیە کە بەهۆی فڕێدانی ماددە پلاستیکییەکانەوە دروست بوون".
 
د. ئومێد قادر ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتیک کەسێک دەبەیەکی ئاو فڕێدەدات، "تاوەکو 450 ساڵ لە تاواندایە، چونکە تاوەکو 450 ساڵ ئەو دەبەیە لەنێو سرووشت دەمێنێتەوە و بەردەوام ئەو ماددانەی لەو پلاستیکەی رژاونەتە سەر زەوی، دەبنە هۆی نەخۆشی بۆ مرۆڤ و رووەک و ئاژەڵانیش".
 
هەرچەندە هەنگاوەکانی زیادکردنی ژمارەیەک کارگەی دیکەی ریسایکلین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە، بەڵام باشترین هەنگاو بۆ بۆ پاراستنی ژینگە فڕینەدانی ئەو ماددانەیە لە لایەن هاونیشتمانییانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دامەزراوەیەکی ئابووری: 130 تریلیۆن دینار لە بانکەکانی عێراقە

دامەزراوەیەکی توێژینەوە و راوێژی ئابووری رایگەیاند، پارەی دانراو لە بانکەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 130 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی 100 تریلیۆن دینار بووە