لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەگی بێلانە نەزۆک دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی سەگە بێلانەکان لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە و شارەوانییەکان توانای چارەسەرکردنی کێشەکەیان نییە. کۆڵان و شەقام و گەڕەکەکان پڕن لە سەگی بێلانە و ئاسایشی خەڵک بەتایبەت منداڵانیان خستووەتە مەترسییەوە. 80٪ی ئەو کەسانەی لە ئێران لەلایەن ئاژەڵانەوە پەلامار دەدرێن، سەگ دەیانگرێت. 
 
ساڵی رابردوو 16 کەس بە نەخۆشیی هاری گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ژمارەی سەگی بێلانە لەو وڵاتە بە 2 ملیۆن سەگ دەخەمڵێنێت و دەڵێت، تاوەکو سێ ساڵی دیکە ژمارەیان دەگاتە 5 ملیۆن.
 
شوێنی راگرتنی سەگە بێلانەکانی شارەوانیی بانەیە. ئەو شوێنانە لەلایەن شارەوانیی زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ راگرتنی ئەم ئاژەڵانە دابینکراون کە رۆژبەڕۆژ ژمارەیان روو لە زیادبوونە و شارەوانییەکان بەمشێوەیە دەیانەوێت کۆنترۆڵیان بکەن.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان، شارەوانییەکانی راسپاردووە، سەگەکان نەزۆک بکەن و دواییش لە شوێنی دیاریکراو رایانبگرن بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵک.
 
محەممەد دەرویش، هاوکاری نووسینگەی یۆنسکۆ بۆ ژینگە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ دیاردەیەک بە نێوی سەگی بێلانە رووبەڕوو بووینەتەوە و ئەم دیاردەیە خەریکە کاریگەریی خراپ لەسەر ئاستی ژینگە دادەنێت و هاوسەنگیی ژینگەیی سرووشت دەشێوێنن".
 
د. پەیام موحبی، سەرۆکی کۆمەڵگەی ڤێتەرنەریی ئێران دەڵێت، "لەنێو ئاژەڵدا، کوالیتیی ژیان گرنگترە تاوەکو درێژایی ژیان. راستە ئەرکی ئێمەیە کە بە ئاژەڵەکان رابگەین، بەڵام لە زۆر شوێندا ئەو کارانەی بۆیان دەکەین و پێمان وایە تووندوتیژییە، خۆی چاکەیەکە لەگەڵیانی دەکەین".