زیاتر لە 763 هەزار ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی کوردستانن


رووداو - هەولێر 

سەنتەری هەماهەنگی قەیرانەکان نوێترین ئاماری ژمارەی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 763 هەزار و 277 ئاوارەی عێراقی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەببوون، لە هەرێمی کوردستانن و ئامادەنین بگەڕینەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین، نەینەوا و ئەنبار. 

هەرچەندە لە کۆتایی ساڵی 2017ـەوە هیچ شار و شارۆچکەیەکی عێراق لەژیر دەستی داعش نەماون، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار چەند ناوچەیەکی دیکە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، بەشێک لەو ئاوارانەی کە گەڕابوونەوە ناوچەکانیان دووبارە دەگەڕێنەوە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وادەکات سەتان هەزار ئاوارە لە دەنگدان لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بێبەش بن.

هۆشەنگ محەممەد، سەرۆکی سەنتەری هەماهەنگی قەیران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لەماوەی شەش مانگی رابردوو حەوت هەزار و 195 ئاوارە کە نزیکەی هەزار و 431 خێزانن کە دوای شەڕی داعش گەڕابوونەوە ناوچەکانیان، دووبارە ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.

سەرۆکی سەنتەری هەماهەنگی قەیران ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری سەرەکی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کەمپەکان جموجووڵی چەکدارانی داعشە و گرووپە چەکدارەکان و کێشەی کەمی خزمەتگوزارییە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەرئاوارەیەک بیەوێ دەنگبدات دەبێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی.

رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەموو دەنگدەرێک لەکاتی دەنگدان دەبێت دوو بەڵگەنامەی فەرمی و کارتی بایۆمەتری دەنگدانی سەر بەو پارێزگایەی پێبێت کە دەنگی تێدا دەدات، بەو هۆیەوە هەر ئاوارەیەک بیەوێت دەنگبدات دەبێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی.

بەپێی ئامارێکی سەنتەری هەماهەنگی قەیران کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، 763 هەزار و 277  ئاوارەی عێراقی کە بەهۆی شەڕی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لەناو شار و شارۆچکەکان یان کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون.