یەرەکە: 12 پاسدارمان کوشتووە
رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان
فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە)، باڵی سەربازی كۆمهڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژههڵاتی كوردستان (کۆدار)، بەرپرسیارییەتی خۆی لە شەڕەکەی رۆژی سێشەممەی شاری کامیاران راگەیاند.
یەرەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "هێزەکانمان لە تۆڵەی لە سێدارەدانی سیروان نەژاوی، زیندانی سیاسی کورد لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی شاهۆ".
لە راگەیەندراوەکەی یەرەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە " لە ئاکامی هێرشەکەدا 12 جاش و پاسدار کوژراون" و چەندین کەسیشیان بریندار کردووە.
یەرەکە هۆشداری دەدات و لە راگەیەندراوەکە دەڵێ " لەوە بەدواوە هیچ تاوانێکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی مافی بەرگری رەوادا، بێ وڵام ناهێڵینەوە" .
رۆژی چوارشەممە جێگری سوپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکرد " لە ناوچەی شاهۆی شاری کامیاران، لەلایەن هێزێکی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان و لەئاکامی تێکهەڵچوونەکەدا 5 بەسیج (جاش) گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان کورد بوونە و دانیشتووی شاری کامیاران".
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و سەربازی لە شاری کامیاران ئەو 5 ئەندامەی سوپای پاسداران بە خاک سپێردران.
سیروان نەژاوی، زیندانی سیاسی کورد ساڵی 2012ی زایینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان بە تۆمەتی ئەندامییەتی "پژاک" حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا.
سیروان نەژاوی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لە زیندانی ناوندی شاری تەورێز دوای سێ ساڵ زیندانیکران لە سێدارەدرا .
مەراسیمی بەخاکسپاردنی 5 پاسدارەکەی کامیاران