رووداو لە شنگالەوە دیمەنی پێشمەرگە دەگوازێتەوە

رووداو – دووگرێ 
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ، هێڤیدار ئەحمەد ، دیمەنەكانی بەرگریی پێشمەرگە لە كۆمەڵگەی (دووگرێ)ی سەر بە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگال دەگوازێتەوە . 

یەكەمجارە كامێرای تەلەڤزیۆنێك بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەو دیمەنانەی پێشمەرگە لەوناوچەیە بگوازێتەوە .

ئەوە شەش رۆژە هێزی پێشمەرگە رێگەی دەرچوونی بۆ دەیان هەزار كوردی ئێزدی لە چیای شنگال كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێگەیەوە بچنە رۆژئاوای كوردستان و لەوێشەوە بگەڕێنەوە بۆ باشووری كوردستان . كە تائێستا زیاتر لە 115 هەزار كوردی ئێزدی و ژمارەیەك مەسیحی و كوردی موسڵمان لەو رێگەیەوە گەیشتوونەتەوە باشووری كوردستان .

سەعید كێستەیی، بەرپرسی سەربازیی لە میحوەرى دووگرێ بە رووداوی راگەیاند كە ئەوان یەك كیلۆمەتر لە سنوونێ دوورن ، بەڵام نایانەوێت بچنە ئەو شارۆچكەیەوە ئێستا ، چونكە كاری ئەوان ئێستا دابینكردنی رێگەی دەرچوونە بۆ ئاوارەكانی سەر چیای شنگال .