رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ئیدارەی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی داوا لەو هاوبەشانەیان دەکات کە قەرزی کارەبایان لەسەرە، قەرزەکە بگەڕێننەوە و سوودمەند بن لە لێخۆشبوونی 20%. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەری هەیە رۆژێک کارەبای ئەو هاوبەشانە ببڕدرێت کە قەرزەکەیان ناگەڕێننەوە."
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆشداریمان داوەتە ئەو هاووڵاتی و هاوبەشانەی کارەبا کە قەرزی کارەبایان لەسەرە، بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە قەرزەکە بگەڕێننەوە تاوەکو سوودمەندبن لە داشکاندنی رێژەی 20%ی قەرزە کەڵەکەبووەکە یان بێن قەرزەکەیان بکەن بە قیست، چونکە مانگی داهاتوو ئەو داشکاندنەی قەرز نامێنێت."
بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی راپەڕین گوتیشی، "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 32 ملیار دینار قەرزی کارەبامان لەسەر هاوبەشان هەیە. نزیکەی 3 ملیار دیناری قەرزی سەر دامەزراوە گشتییەکان و فەرمانگەکانە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرزە لەسەر خەڵک."
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە شوێنە بازرگانییەکان و ئەو شوێنانەی پڕۆژە و کارگەن، قەرزەکەیان بگەڕێننەوە.
ئەو قسانە لە کاتێکدان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە ئەو هاوبەشانەی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبایان لەسەرە و دەڵێت، "لەوانەیە بەهۆی زۆریی قەرزی کەڵەکەبووەوە رۆژێک کارەباکەت ببڕن. ئەگەر سوودت لە داشکاندنەکە نەبینیوە، تاوەکو کاتی ماوە سوودمەندبە."
لە کۆبوونەوەی رۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی وەزیری کارەبای بۆ بەردەوامبوونی داشکاندنی رێژەی 20%ی قەرزی کارەبا تاوەکو 31ی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ پەسند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ