بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای 20 پەیوەندی بە 'بنکەی سەربازیی کەرکووشـ'ـەوە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سێ رۆژ بۆ 430 پێشمەرگەکەی لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاری دەکرێت بۆئەوەی لە "بنکەی کەرکووش" لە پارێزگای دیالە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بڵاودەکرێنەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق رۆژانی 14، 15 و 16ی ئەم مانگەی بۆ 430 پێشمەرگە دیاریکردووە بۆئەوەی بەپێی ناوەکان سەردانی بنکەی سەربازیی کەرکووکش لە پارێزگای دیالە بکەن بە مەبەستی چاوپێکەوتنی کۆتایی.
 
بەپێی وەزارەتەکە، 150 کەسیان رۆژی 14ی تەممووز چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ دەکرێت، رۆژی 15ی مانگیش 150 کەسی دیکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت، 130 کەسەکەی دیکەش رۆژی 16ی تەممووزیان بۆ دیاریکراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ئاگادارینامەیەکدا بۆ ئەو کەسانە، داوای لێکردوون لە رۆژ و کاتی خۆیدا سەردانی ئەو بنکە سەربازییە لە پارێزگای دیالە بکەن و ئەم پێداویستییانە لەگەڵ خۆیان ببەن:
 
- رەگەزنامەی باری شارستانی، رەگەزنامەی عێراقی یان کارتی نیشتمانی.
- رەگەزنامەی باری شارستانی دایک.
- کارتی زانیاری.
- فۆرمی خۆراک.
- پشتگیری موختاری گەڕەک.
- بڕوانامەی خوێندن کە نمرەی لەسەر بێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەوە پەسندکراو بێت.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاوپێکەوتنەکە دوایین رێکاری دەستبەرکاربوونیانە. ئەگەر ئەو پێشمەرگانە 45 رۆژ راهێنانیان پێنەکرێت، دوای چاوپێکەوتنەکە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڵاوەیان پێدەکرێت."
 
ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین.
 
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێت. سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی عەرەب دەبێت. ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب دەبێت و جێگرەکەی کورد دەبێت.
 
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە و سەرباز دەبێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.