ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک: سوودانى کەسێک بۆ جێگرەوەى راکان جبوورى دیاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک پێشبینى دەکات لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکوەزیرانى عێراق کەسێک بۆ جێگرەوەى راکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتى پێشوو دیاری بکات، کە "ئەگەری هەیە قایمقامێک بێت."
 
بەڕێوەبردنى بەنۆرەى پارێزگای کەرکووک بە شێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان کورد و عەرەب نزیکترین سیناریۆیە. ئەندامێکى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "باشترە کورد دوو ساڵى کۆتایی وەربگرێت، چونکە بەرهەمى کارى پێش خۆى دەچنێتەوە."
 
دواى شەش مانگ لە سوێندخواردنى ئەندامانى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لە 11ى تەممووزدا یەکەم کۆبوونەوەیان کرد. بەگوێرەى یاسا، ئەنجوومەنەکە 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی.
 
راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت پۆستەکەى جێهێشتووە و ئەرکەکەى بە کاتى لەلایەن عەلى حەمادى، یاریدەدەریەوە بەڕێوەدەبرێت. جبووری رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەکو ئەندامى ئەنجوومەن سوێندى خوارد و بووە سەرۆکى بەتەمەنى ئەنجوومەنەکە.
 
ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى "رووداوى عێراق" رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت لە یەکشەممە 14ى تەممووزەوە، محەممەد شیاع سوودانى کەسێک بۆ جێگرەوەى راکان جبوورى لە پۆستى پارێزگار دیاری بکات."
 
ئەحمەد کەرکووکى گوتى، "ئەو کەسە قایمقامێک دەبێت یان کەسێکى دیکە کە سوودانى خۆى دەستنیشانى دەکات."
 
کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا دواى پەیامێکى سوودانى بوو لە 9ى تەممووز و تێیدا گوتى، "داوا لە هێزە سیاسییە پەیوەندارەکان دەکەین ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن کە لە دانوستاندنى سیاسییەکان لە سەریان رێککەوتین و لە رۆژانى داهاتوویشدا ئەو دیالۆگانە تەواو دەکەین."
 
بڕیارە لەو 28 رۆژەى کە ماوە، دانوستاندن لەلایەن پێکهاتەکانی پارێزگاکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی چڕبکرێتەوە. 
 
ئێستا نزیکترین سیناریۆ ئەوەیە کە پۆستى پارێزگار لەنێوان کورد و عەرەب بە نۆرە بەڕێوە ببردرێت بەشێوەى دووساڵ بە دوو ساڵ، هەرچەندە حەوت مانگ لە ساڵى یەکەمى ئەم خولە تێپەڕیوە.
 
جوان حەسەن، ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى "رووداوى عێراق" رایگەیاند، ئەگەر ئەو سیناریۆیە رێککەوتنى لەسەر بکرێت، باشترە کورد دوو ساڵى کۆتایی وەربگرێت و گوتی، "بەرهەمی دوو ساڵى یەکەمى کارکردن دەچنێتەوە."