ئاسایشی هەولێر: کەسێکمان دەستگیر کرد کە تەقەی لە ماڵی خەزووری کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە لە عەنکاوە تەقەی لە ماڵی خەزووری کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 13ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (ئـ. ع. ئـ.) مان دەستگیر کرد."
 
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، تۆمەتبارەکە "بەیانیی رۆژی 10-7-2024 لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزووری لە قەزای عەنکاوە و ماڵی کوڕێکی خەزووری لە گەڕەکی حەسارۆکی شاری هەولێر، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەسڕێژی گوللەی لەو ماڵانە کردووە."
 
رووداوەکە، وەکو ئاسایش دەڵێت، زیانی گیانیی نەبووە، "لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار، دەستمان بەسەر چەکەکەیدا گرت."
 
ئاسایشی هەولێر دووپاتی دەکاتەو: "هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لابێت، یان لەسەر هەرکێشەیەکی کۆمەڵایەتی و بەهەر بیانوویەک چەک بەکاربهێنێت و تەقە بکات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگە."