نرخی کیلۆیەک خەیار لە 600 دینارەوە بۆ 200 دینار دابەزیوە و زیانی بە جووتیاران گەیاندووە

13-07-2024
نزار جەزا
بەرهەمی خەیاری جووتیاران لە عەلوەی سلێمانی.
بەرهەمی خەیاری جووتیاران لە عەلوەی سلێمانی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بەڕووی هاوردەی بەرهەمی بیانی، نرخی خەیاری خۆماڵی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەوەش زیانی بە جووتیاران گەیاندووە. 
 
توانا سدیق یەکێکە لەو جوتیارانەى ئەم ساڵ نزیکەی 70 خانووی پلاستیکی کردووە بە خەیار و دەڵێت: "رۆژ لە دوای رۆژ نرخی خەیار روو لەدابەزینە، لە 600 دینارەوە بۆ 200 دینار یان 150 دینار دابەزیوە، هەموو رۆژێک هەر کیلۆیەکی 150 بۆ 200 دینار زیان دەکەین. داوا لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەکەم چارەسەرێکمان بۆ بکات، جوتیاران چینێکی ماندوون، بەیانیان زوو هەڵدەستین بەدەستی خۆمان کاردەکەین، بەئومێدی ئەوەی پارەیەکی رۆژانەمان دەستبکەوێت و بۆ ماڵ و منداڵی ببەینەوە."
 
بەشێک لە جوتیاران داواکارن بازاڕێک لەدەرەوەی عێراق بۆ بەرهەمەکانیان بدۆزرێتەوە.
 
تاهیر سدیق، جوتیارە و دەڵێت: "داوا لە حکومەتى هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەم، بازاڕێک لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە بۆئەوەی چیتر ئەم کێشانە دووبارەنەبنەوە." 
 
بەرهەمی خەیار مانگ لەدوای مانگ زیاتر دەبێت، مانگی شەش نزیکەی هەشت هەزار تۆن خەیار براوەتە نێو عەلوەی سلێمانی، تاوەکو مانگی 11 پێشبینیدەکرێت بگاتە 10 هەزار تۆن زیاتر، کە بەشی هەمووی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەکات.
 
بازرگانان خەیاری خۆماڵی بەباش وەسف دەکەن و داواکارن حکومەتى عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکاری جوتیاران بکەن.
 
حەمەجوان عەبدوڵڵا کڕیارە و دەڵێت: "با جووتیارانیش سوودێک وەربگرن، ناکرێت هەر بە نانەسکی بژی، ئەگەر ئەم ساڵ قازانجی کرد ساڵی دواتر زەوی زیاتر دەکێڵێت، لەم دۆخەشدا کە قازانج دەکات داوای دامەزراندن ناکات بۆ موچەیەکی 300 هەزار دیناری، جوتیار هەیە 50 دۆنم زەویی هەیە، داوای دامەزراندن دەکات، چونکە دەزانێت قازانجی لێ ناکات." 
 
هەفتەى رابردوو حکومەتى عێراق بەهۆی یادی عاشوورا و زیادبوون خواست، بڕیاریدا دەرگەی خاڵە سنوورییەکان بەڕووی هێنانی خەیار و چەند بەرهەمێکی دیکە بدات.
 
بە گوتەی سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وەرگرتووە، لەدوای یادی عاشووراوە واتە لەهەفتەى داهاتووەوە خاڵە سنوورییەکان دابخرێنەوە و کێشەی جوتیاران چارەسەرببێت.
 
گرنگیدان بە بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەر وڵاتێکدا ژێرخانی ئابووری بەهێزدەکات، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت، لەلایەک زیان بە ژێرخانی ئابووری دەگەیەنێت لەلایەک وای لە جوتیاران کردووە بیر لەدەستبەرداربوونی کارەکەشیان بکەنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین، وێنە؛ ئەرشیڤ

بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە

ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.