بەرەی تورکمانی لە کەرکووک: یەکێتی نەیەتە پاڵمان بەبێ ئەوان حکومەتی خۆجێیی پێکدەهێنین

13-07-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیدار و کۆبونەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لەدوای یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەوە بەچڕی دەستی پێکردەوە. عەرەب بە سێ پارتی سیاسییەوە خاوەن شەش کورسین لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆیە هەر لایەنێکیان پرۆژەی جیاوازی هەیە و هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست بۆخۆی دەدات. 
 
ئەوەش وایکردووە دابەشی سەر دوو بەرەبن؛ بەرپرسێکی عەرەب دەڵێت، سێ بەربژێریان هەیە بۆ پۆستی پارێزگار لەهەر سێ لایەنەکەوە، هیچ رێککەوتنێکیشیان نەکردووە بۆئەوەی یەکی بخەن. 
 
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دەڵێت: "بابەتی بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک جیاوازە، هاوشێوەی بۆچوونی لایەنەکان سیاسییەکان، لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زیاتر لە لایەنێکی سیاسی عەرەبی هەیە. سێ لایەن هەن، هەر لایەنێکیش بەربژێری خۆی هەیە و رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، ژمارەیەک بەربژێر هەن، ئەگەر بڕیاربێت پارێزگار عەرەب بێت." 
 
بەرەی تورکمانی و لایەنی عەرەبی و پارتی بەیەکەوە لە هاوپەیمانێتییەکدان؛ بەرەی تورکمانی دڵنیایی دەدات هیچ گرفتێک لەرێککەوتنەکەیان دروست نەبووە و زیاتر لە نیوەی کورسیی ئەنجوومەنیان هەیە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک، بەڵام بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی دەڵێت، لەهەوڵدان یەکێتیش بهێننە نێو رێککەوتنەکەوە، خۆ ئەگەر یەکێتی پێداگری لەسەر پڕۆژەکەی خۆی بکات، ئەوان ئیدارەکە بەبێ یەکێتی پێکدەهێنن.
 
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی دەڵێت: "یەک کۆ نیوەمان هەیە و ئومێدمان وایە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بێتە پاڵمان. کەرکووک تایبەتمەندیی هەیە، رێککەوتنەکە نیمچە فەرمییە و واژۆ نەکراوە. مانگێکمان ماوە، لەئەگەری رازینەبوونی یەکێتی بۆ هاتنە پاڵ کوتلەکە، بەدڵنیاییەوە ئەو کوتلە سیاسییە دەتوانێ حکومەتەکە پێکبهێنێت." 
 
دوو پڕۆژە بۆ دروستکردنی ئیدارەی پارێزگا هەن؛ یەکەم یەکێتی پێی رازییە ئەوەش پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دووساڵ بێت لەنێوان کورد و عەرەب. بەوەش سێ ئەندامی عەرەبی بۆلای خۆی پێ پەلکێش کردووە. پرۆژەی دووەمیش پۆستەکان لەنێوان هەر سێ نەتەوە سەرەکییەکە دەستاو دەستی پێبکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە